پێدانی ڤیزا کارتی ڤاکسین لە هەموو شارەکان دەستپێدەکات

چەند رۆژێکە لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە

ڤیزا کارتی ڤاکسین
ڤیزا کارتی ڤاکسین

K24 – هەولێر

چەند رۆژێکە پیدانی ڤیزا کارتی ڤاکسین، لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێ، لە رۆژانی داهاتوو لە هەموو شارەکان دەستپێدەکات و وەزارەتی تەندروستی هەموو ئەو شتانەی پێویستە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابینکردووە.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەبوایە ئێستا پێدانی ڤیزا کارتی ڤاکسین لە هەموو شارەکان دەستی پێکردبایە، چونکە هیچ ئاستەنگێک نییە، تەنها ئەگەر کێشەی تەنکیکی هەبێت، ئەوەی لەسەر وەزارەتە جێبەجێیکردووە و ئێستا لای بەڕێوەبەرایەتییەکانە و لە هەر کاتێکدا دەتوانن بڕیاری دەستپێکردنی ڤیزا کارت بدەن".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، گوتیشی: "ئەگەر سبەی لە هەولێر و شارەکانی دیکەش پێدانی ڤیزا کارت دەست پێنەکات، سەرەتایی هەفتەی داهاتوو بێگومان دەستپێدەکات".

روونیشیکردەوە: "مەرجەکان بۆ پێدانی ڤیزا کارتی ڤاکسین، ئەوەیە کە ئەو کەسە هەردوو ژەمی ڤاکسینی وەرگرتبێت، کاتێک دەچێتە ئەو بنکەیە کە ڤاکسینی لێوەرگرتووە، کارتی لێدانی ڤاکسین و پاسپۆرت لەگەڵ خۆی دەبات".

پەیامنێرمان لە دهۆک رایگەیاند: "لە رۆژی شەممەی رابردووەوە مامەڵەی پێدانی ڤیزا کارتی ڤاکسین لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە، ئەو کەسانەی دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، روودەکەنە بنکەکان، کە لە پارێزگای دهۆک 48 بنکەی پیدانی ڤاکسین هەن".

ڤیزا کارتی ڤاکسین، لە هەموو وڵاتان باوەڕپیکراوە و ئاسانکاری دەکات بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت سەردانی دەرەوەی وڵات بکەن.