تەندروستیی بەسرە ئاماری قوربانیانی تەقینەوەی وێستگەی هارسەی ئاشکرا کرد
تەندروستیی بەسرە رایگەیاند، ئاماری سەرەتایی رووداوەکەی وێستگەی هارسە تا ئێستا گەیشتووەتە 33 بریندار و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.
عەباس تەمیمی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی بەسرە راگەیاند، تا ئێستا قوربانیانی تەقینەوەی وێستگەی هارسە گەیشتووەتە 33 بریندار و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.
گوتیشی: کادیرانی پزیشکی و فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنی خێرا لە ئامادەباشیدان و بە بەردەوامی لە شوێنی رووداوەکەن، بۆ فریاکەوتنی بەرکەوتووان و گواستنەوەیان بە خێرایی بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، تەقینەوەیەکی بەهێز لە سیستمی گازی وێستگەی کارەبای هارسە لە باکووری بەسرە روویدا و بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی بەرفراوان. رووداوەکە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لە ناوچەکەدا دروست کرد و زیانی زۆری ماددی بە وێستگەکە و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیاند.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانی عێراق، دوای تەقینەوەکە ئاگرەکە بۆ کۆگاکانی گاز و دەوروبەری وێستگەکە تەشەنەی کردووە و چەندین ماڵی گرتووەتەوە، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 17 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە ئاگرەکە بەهۆی تەقینەوەی بۆڕییەکی گواستنەوەی گاز بۆ وێستگەکە روویداوە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەی ئەو بۆڕییە بەدیاریکراوی ئاشکرا نەکراوە.
وێستگەی کارەبای هارسە بە دووری 20 کیلۆمەتر لە باکووری بەسرە هەڵکەوتووە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبای عێراق، توانای بەرهەمهێنانی 1,400 مێگاوات کارەبای هەیە.