پرۆژه یاسایهكی پهرلهمانی ئهڵمانیا ئهردۆغان نیگهران دهكات
K24 - ههولێر:
رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆك کۆماری تورکیا له پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا نیگهرانیی وڵاتهكهی به ئەنجێلا مێرکل, راوێژکاری ئەڵمانیا راگەیاند، سەبارەت بە دەنگدانی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەبارەی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان، ئهرودغان ھۆشداریشیداوهته ئەڵمانیا پێیڕاگهیاندووه، ئەو بڕیارە پەیوەندییەکانی نێوان ئهنقهره و بهرلین تێکدەدات.
چاوەڕێ دەکرێت، رۆژی پێنچشەممە، پەرلەمانی ئەڵمانیا دانیشتنێکی تایبەت لەسەر بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ئەنجام بدات, ههریهك له سهرۆك كۆمار و سەرۆک وەزیرانی تورکیاش ھۆشداری دەداتە ئەڵمانیا کە ئەو بڕیارە دەبێتە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەرلین.
بڕیاربوو ساڵی رابردوو، ئەو دانیشتن و دەنگدانەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمنەکان، لە ساڵی 1915دا، بەڕێوەبچێت، کە یادی 100 ساڵەی ئەو کۆمەڵکوژییە بوو، بەڵام پارتە ئەڵمانییەکان فشاریان خستە سەر پارتەکەی ئەنجێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا کە ئەو بڕیارە دوابخات، لە ترسی ئەوەی ئەو ھەنگاوە کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەڵمانیا دەبێت.
بن عهلی یهڵدرم، سهرۆك وهزیرانی توركیا گوتی: "ئەم دەنگدانە، کارێکی نابەجێیە و دانگدانە لەسەر رووداوێک کە لە ساڵی 1915 روویداوە و ھیچ بنەمایەکی راستیشی تێدا نییە. ئەوانەی دەیانەوێت تورکیا باجی ئەو کارە بدات، نیازێکی پاکیان نییە و ئێمەش لە نیازیان گەیشتووین. بێگومان ئەم بڕیارەش زیان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا دەگەیەنێت، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەوە رووبدات، بۆیە سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان پەیوەندی بە مێرکڵەوە کرد و نیگەرانی تورکیا پێگەیاند".
بەڵام پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەڵمانیا، کاتی دانگدان لەسەر ئەو بابەتە لەکاتێکدا دیارییکردووە کە شەرمەزاریی بۆ مێرکڵ درووست دەکات، ئەمەش بەھۆی ئەوەی ئێستا راوێژکاری ئەڵمانیا، سەرقاڵی رازیکردنی تورکیایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران و درێژەدان بەو رێککەوتنامەیەی لەنێوان یەکێتی ئەوروپا و ئەنقەرە.
رەجەب تایب ئەردەوغان, سەرۆك کۆماری تورکیا دهڵێت: "ئێمە لەو بڕوایەداین کە کێشەی جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکانمان نییە و ویژدانمان ئاسوودەیە لەمەڕ ئەم بابەتە. ئەڵمانیاش وڵاتێکە کە زیاتر لە سێ ملیۆن تورکی تێدا دەژی و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەڵمانیا لە ئاستێکی باڵادایە، بەڵام ئەگەر بەرلین ئەو ھەنگاوە بنێت، بێگومان کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسی، ئابووری و بازرگانییەکانمان دەبێت، پێویستە ئەڵمانیا پێش ئەو دانیشتنە، بیر لە کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارە بکاتەوە".
مێژووناسان، لەو بڕوایەدان کە کوشتنی 1.5 ملیۆن ئەرمەنی لە ساڵی 1915 لە لایەن عوسمانییەکانەوە، یەکەم رووداوی کۆمەڵکوژی بووە لە سەدەی 20 و تا ئێستاش تورکیا رەتیدەکاتەوە ئەو کۆمەڵکوژییە، جینۆساید بێت.