زاخارۆڤا: دەستێوەردانی ئەمهریکای لە هەڵبژاردنی رووسیا پشتڕاستکردەوە
رووسیا بهڵگهكانی داوهته لایهنی ئهمهریكی
K24 - ههولێر:
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند: بەڵگەیان لایە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمیریکا دەستێوەردانی لە کاروباری ناوخۆ و هەڵبژاردنەکانی رووسیادا کردووە.
زاخارۆڤای گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە میانەی بەرنامەیەکی راستەوخۆدا ئەم قسانەی خستەڕوو، لەکاتێکدا لە ئێوارەی 11-9-2021 لە کەناڵی یوتیوبی سەلەڤیۆڤ لایڤ میوان بوو.
زاخارۆڤا، گوتیشی: "ئێمە بەڵگە و راستی کۆنکریتمان بۆ لایەنی ئەمهریکی خستۆتەڕوو، کە دەیسەلمێنێت لە خاکی ئەمهریکاوە بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمی ئینتەرنێت، کە خاوەندارێتی لەلایەن مۆنۆپۆلەکانی ئینتەرنێتی ئەمهریکاوە دەکرێت، دەستێوەردان دەکەن لە پرۆسەی سیاسی و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنیدا".
زاخارۆڤا ئەوەشی خستەڕوو: کە تێبینیان کردووە، هیچ لێدوان و وەڵامدانەوەیەک لە ئەمهریکاوە لەو بارەیەوە نییە.
پێشتر ماریا زاخارۆڤا رایگهیاندبوو، پەیوەندی لەنێوان تیمی ئەلێکسێی ناڤالنی ئۆپۆزسیۆن و پێنتاگۆندا درووستبووە و پەرەیان بە سایتی پڕۆژەی "دەنگدانی زیرەک" داوە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش لهو بارهیهوه دەڵێت: "ڕۆسکۆمنادزۆر ئەوەی دۆزیوەتەوە کە ناونیشانی ئای پی پەرەپێدەرانی سایتەکە و خزمەتکارەکانی بەرنامەی دەنگدانی زیرەک بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ئەمریکاوە، لەوێوە پشتیوانی تەکنیکیشیان هەیە".
ماريا زاخارۆڤا روونیشیكردهوه، کە بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا بۆ وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە رۆژی 10-9-2021، بەهۆی دەستێوەردانی ئەمهریکاوە بووە لەهەڵبژاردنەکانی رووسیادا. باڵیۆزخانەی ئەمهریکا بە RBCی ڕاگەیاندووە: کە باڵوێزەکەیان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی کردووە بۆ تاووتوێکردنی کێشە دووقۆڵییەکانیان.
وا بڕیارە لە 17 تا 19ی ئەیلوول لە ڕووسیا هەڵبژاردن بۆ خولی هەشتەمی پەرلەمان "ئەنجومەنی دووما" بهڕێوهبچێت.