عومه‌ر نوره‌دینی: پێویسته لایه‌نه كوردییه‌كان له به‌غدا كار بۆ هێزكردنی پێگه‌ی هه‌رێم بكه‌ن
هێشتا له عێراقدا عه‌قڵی سیاسی فه‌رمانڕه‌وا له‌و ئاسته‌دا نییه، كار بۆ فره ده‌نگ و ره‌نگی له عێراق بكات.
K24 – هه‌ولێر:
مامۆستای زانكۆ و شاره‌زای بواری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، عومه‌ر نوره‌دینی، رایگه‌یاند، پێویسته لایه‌نه كوردییه‌كان به دوو كارنامه‌ی به‌هێزه‌وه بچنه به‌غدا و كار بۆ پاراستنی كیانی هه‌رێمی كوردستان و به‌هێزكردنی پێگه‌كه‌ی بكه‌ن.
عومه‌ر نوره‌دینی له میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كوردستان24 رایگه‌یاند، هێشتا له عێراقدا عه‌قڵی سیاسی فه‌رمانڕه‌وا له‌و ئاسته‌دا نییه، كار بۆ فره ده‌نگ و ره‌نگی له عێراق بكات.
گوتیشی: عێراق له‌و جۆره وڵاتانه‌یه، كه ده‌وڵه‌تی ساده تێیدا شكستی هێناوه و پێویستی به ئاواكردنی ده‌وڵه‌تی ئاوێته‌یی و سیستمی فیدراڵی هه‌یه.
روونیشیكرده‌وه، له دوای رووخانی به‌عسه‌وه هه‌وڵدراوه سیستمی سیاسی و ده‌وڵه‌تداری عێراق بگۆڕێت، تا راده‌یه‌كیش شه‌رعیه‌تی سیاسی و ده‌ستووری هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا گۆڕانكارییه‌كه هه‌ڵقوڵاوی پێشكه‌وتنی ره‌وتی مێژوویی له ناوخۆ نه‌بووه، به‌ڵكو له ده‌ره‌وه و له رێگه‌ی هێزه‌وه ئه‌نجامدراوه، هێشتا نه‌یتوانیوه ئامانجی خۆی بپێكێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێویسته هه‌رێمی كوردستان به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ر له پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا بكات و ئاماده‌یی له داڕشتنی بڕیاری سیاسی عێراق هه‌بێت.
سه‌باره‌ت به لایه‌نه كوردییه‌كانیش گوتی: گرنگه ئه‌و لایه‌نه كوردییانه‌ی ده‌چنه به‌غدا، نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و كار له‌سه‌ر دوو ئاراسته بكه‌ن، ئه‌وانیش به‌هێزكردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی كیانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، عومه‌ر نوره‌دینی گوتی: گرنگه ده‌ستوور وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه جێبه‌جێ بكرێت، به تایبه‌تی هه‌ردوو پرسی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان و دابه‌شكردنی سامانی وڵات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له مادده‌كانی 105 و 106ی ده‌ستووری عێراقدا هاتووه.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ململانێی سیاسی ئاساییه به‌و مه‌رجه‌ی له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسیدا بێت و سه‌رنه‌كێشێت بۆ توندوتیژی و به‌كارهێنانی هێز.
دووپاتیكرده‌وه، به گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق، نابێت سوپای عێراق به‌كار بهێنرێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكان و ده‌ستوه‌ردان له كاروباری سیاسی، به‌ڵام له عێراقدا هێزی ئه‌منی له ده‌ره‌وه‌ی یاسا هه‌یه و كار ده‌كه‌ن و هه‌وڵ بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆیان ده‌ده‌ن.