وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق: شه‌پۆلی سێیه‌می كۆرۆنامان تێپه‌ڕاند چاوه‌ڕێی چواره‌مین
تا ئێستا له عێراق 21.631 كه‌س به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، بڵاویكرده‌وه، عێراق شه‌پۆلی سێیه‌می كۆرۆنای تێپه‌ڕاند و پێویسته هاووڵاتیان پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن و ڤاكسین وه‌ربگرن.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، له ئێستادا رێژه‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون و مردن به كۆرۆنا له عێراق دابه‌زیوه، به‌ڵام تووشبوونی رۆژانه به رێژه‌یه‌كی كه‌متر تۆمار ده‌كرێت.
هۆشداریدا، پێویسته پابه‌ند بن به وه‌رگرتنی ڤاكسین و ته‌واوی رێنماییه‌كانی خۆپارێزی، به پێچه‌وانه‌وه‌ی ره‌نگه به‌ره‌و شه‌پۆلی چواره‌م هه‌نگاو بنێین.
روونیشیكرده‌وه، له گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی پایز و زستان، ته‌واوی نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه‌كان به‌ربڵاو ده‌بن، كه ده‌بنه هۆكاری ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و نه‌خۆشییه‌كانی سینگ هاوشێوه‌ی كۆرۆنا، بۆیه ده‌بێت له‌م دوو وه‌رزه‌دا خۆپارێزییه‌كان به‌جدی وه‌ربگرین، تاوه‌كو ڤایرۆسه‌كان جۆری خۆیان بۆ كۆرۆنا نه‌گۆڕن.
تا ئێستا له عێراق (21.631) كه‌س به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه، زیاتر له (11) ملیۆن هاووڵاتیش له عێراق، هه‌ردوو ژه‌می ڤاكسینیان وه‌رگرتووه، بۆ پارێزگاری له ته‌واوی كۆمه‌ڵگه، پێویسته روو له بنكه‌كانی وه‌رگرتنی ڤاكسین بكه‌ن، بۆ وه‌رگرتنی هه‌ردوو ژه‌م.
سه‌رچاوه: وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق