ئەوروپا راگەیهندراوێك دژی ئێران بڵاودەکاتەوە
ئێران: تا گەمارۆکان بەردەوام بن چاوەڕێی هیچ هەنگاوێکمان لێ مەکەن

K24- ههولێر:
سێ وڵاتی ئەوروپیی بەشدار لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی راگهیندراوێكیان بڵاوکردەوە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە پێشێلكاری بەردەوامی رێککەوتنهكه تۆمەتبار کرد و داوایان لەم تاران کرد بە خێرایی بگەڕێتەوە سەر دانوستانە ئەتۆمییەکان. لە بەرامبەردا نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، تا کاتێك گەمارۆکانی ئەمهریکا لەسەر وڵاتەکەی بەردەوام بن، نابێت چاوەڕێی هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی لەلایەن ئیرانەوە بن.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤییەننا، سێ وڵاتی بەشدار لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی، بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوێك نیگەرانیی خۆیان لە پێشێلکردنی بەردەوامی رێککەوتننامەکە لەلایەن ئێرانەوە دەربڕی.
هەریەک لە بهریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا جەختیان کردووەتەوە، کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دەبێتە هۆی دەستڕاگەیشتنی ئەم وڵاتە بە چەکی ئەتۆمی.
سێ وڵاتەکە داوایان لە ئێران کردووە بە خێرایی پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 60% رابگرێت، کۆتایی بە دامەزراندنی سهنترفیوچی پێشکەوتوو لە بنکە ئەتۆمییەکان و بە تایبەت بنکەی فەردۆ بهێنێت، ناکۆکییەکان قووڵتر نەکاتەوە و خێرا بگەڕێتەوە سەر دانوستانەکانی ڤیەننا.
لە بەرامبەر ئەم راگەیاندراوە، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئەم ئاژانسە، بە توندی رەخنەی لە وڵاتانی ئەورووپا گرت، لەبەر ئەوەی لە بەرامبەر بەردەوامبوونی گەمارۆکانی ئەمهریکا لەسەر ئێران هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە، بەڵام داوا لە ئێران دەکەن پابەندی رێککەوتننامەی ئەتۆمی بێت.
کازم غەریب ئابادی، جەختی لهوه کردەوە، تا کاتێک گەمارۆکانی ئەمهریکا لەسەر وڵاتەکەی بەردەوام بن، نابێت چاوەڕێی هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی لەلایەن ئێرانەوە بن.
غەریب ئابادی گوتیشی: بەردەوام بوونی پاشەکەوتکردنی دیمەنە تۆمار کراوەکانی کامێراکانی چاودێری لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران هیچ پەیوەندییەکی بە پابەندبوونە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە نییە و ئاژانسیش ناتوانێت چاوەڕوانی ئەوەی لە ئێران هەبێت.
ئەم لێدوانەی غەریب ئابادی لە کاتێکدایە، کە "محەمەد ئیسلامی"، سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمیی ئێران بە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، ژمارەیەک لە کامێراکانی چاودێری بە هۆی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەکار کەوتوون و ئەمەش نیگەرانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.
د.ی