رێگای چوون بۆ په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ندێك لایه‌ن زۆر سه‌خته‌

"ته‌نها چوار لایه‌نی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن بگه‌نه‌ په‌رله‌مانی عێراق"

K24- هه‌ولێر:

دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی جه‌ختیكرده‌وه‌، پارێزگاری لە كورسییەكانی ھەڵبژاردنی پێشوویان دەكەن و ژمارەی كورسیەكانیان زیاد دەكەن، شارەزایەكی بواری ھەڵبژاردنیش دەڵێت: چوار لایەنی سیاسی ھەرێمی كوردستان دەتوانن بگەنە پەرلەمان، بە تایبەت ئەو حزبانەی دەنگدەریان لەسەر ئاستی بازنەكان زۆرە.

له‌كاتێكدا ئامادەكارییەكانی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجووومەنی نوێنەرانی عێراق، كە مەبەستیەتی بەپێ سیسته‌می نوێ  بریكارەكانی رابھێنێت، بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بێنن، كاوه‌ گه‌ردی، كارگیڕی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی ئه‌و حزبه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌، كارەكانی پارتی بۆ ئەوەیە پارێزگاری لە كورسیەكانی ئێستای بكات و ژمارەی كورسیەكانیشی زیاد بكات، بۆ ئەم ھەڵبژاردنەش دووپاتیكرده‌وه‌، پارتی ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی زیاد دەكات و وەك گەورەترین حزب لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق دەمێنێتەوە.

هاوكات ئەم سیستمەی ئێستا ھەڵبژاردن بۆ لایەنە سیاسیەكان و كاندیدەكان نوێیە و پێوستی بە تەكنیكی ورد ھەیە، بۆ ئەوەی لە بازنەكان دەنگەكان دابەشی كاندیدەكان بكەن، یاساكەش لە بەرژەوەندی ئەو لایەنانەیە لە بازنەكان دەنگدەریان زۆرە ئەستەمە پێشبینییەكان بۆ ژمارەی كورسی لایەنەكان نزیك بن، له‌و باره‌شه‌وه‌ ئارام نه‌جمه‌دین، شاره‌زا له‌بواری هه‌ڵبژاردنی پێشبینی ئه‌وه‌ی كرد، لە ھەرێمی كوردستان چەند لایەنێكی سیاسیی دیاریكراو دەتوانن بگەنە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ده‌نگده‌ریان هه‌یه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماژه‌ به‌ ته‌نها 4 حزبی سه‌ره‌كی كرد.

به‌گوێره‌ی یاسای پێشوو، عێراق 18 بازنە بوو، بەڵام ئێستا 83 بازنەیە و ھەر پارێزگایەكیش دابەشی چەند بازنەیەك بووە، ئەمەش لە بەرژوەندی ئەو لایەنە سیاسیانەیه‌، كه‌ جەماوەریان زۆرە، بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە ھەڵبژاردنی رابردوودا توانی لەسەر ئاستی عێراق ببێتە حزبی ژمارە یەك و زۆرترین دەنگ بە دەستبهێبێت.

H.B