له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی مه‌سرور بارزانی 10 ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌ی به‌نداوی گۆمه‌سپان ته‌رخانكرا
به‌نداوی گۆمه‌سپان توانای گلدانه‌وه‌ی 60 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو هه‌یه
K24 – هه‌ولێر:
له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕی 10 ملیار دینار، بەمه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی به‌نداوی (گۆمه‌سپان) له پارێزگای هه‌ولێر، تەرخان کرا.
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڵاویكرده‌وه، ئه‌و بڕه پاره‌یه به‌شێوه‌ی نه‌ختینه و قۆناغ به قۆناغ له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، خه‌رج ده‌كرێت.
به‌نداوی گۆمه‌سپان له 2013ه‌وه كاری تێدا كراوه و به هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك كاره‌كانی په‌كیان كه‌وتبوو.
كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه، بایه‌خێكی زۆری به پرۆسه‌ی ته‌واوكردنی به‌نداوه‌كان و پڕۆژه په‌ك كه‌وتووه‌كان داوه.
به‌نداوی گۆمه‌سپان توانای گلدانه‌وه‌ی 60 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو هه‌یه و گرنگییه‌كی ستراتیژی بۆ ئاوی ژێرزه‌وی هه‌ولێر هه‌یه.
به‌نداوه‌كه ده‌كه‌وێته باشوورى رۆژهه‌ڵاتى هه‌ولێر و بڕیار بوو ئه‌مساڵ ته‌واو بكرێت و ئاوی تێدا گلبدرێته‌وه.
به ته‌واوبوونی به‌نداوه‌كه گونده‌كانى ده‌ربه‌ند، خۆران، زیاره‌ت، حاجى ئه‌حمه‌د و دهوڕووبار كه پێشتر دانیشتوان به‌هۆى بێكارى چۆڵیان ده‌كرد، ده‌بووژێنه‌وه و ئاوه‌دانی ده‌گه‌ڕێته‌وه ناوچه‌كه.

له دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له یه‌كه‌م بڕیاری له باره‌ی به‌نداوه‌كانه‌وه، 33 ملیار دیناری بۆ ته‌واوكردنی 12 به‌نداو له هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی، كه پێنجیان له سنووری هه‌ولێر و چواریان له سنووری سلێمانی و سێیان له سنووری دهۆك بوون.
هه‌رێمى كوردستان سێ به‌نداوى گه‌وره‌ی هه‌یه، ئه‌وانیش بریتین له دووكان كه توانای گلدانه‌وه‌ی شه‌ش ملیار مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه، ده‌ربه‌ندیخان توانای گلدانه‌وه‌ی سێ ملیار مه‌ترسێجا و دهۆك توانای گلدانه‌وه‌ی 52 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه.
به گوێره‌ی داتای وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له هه‌رێمی كوردستان 17 به‌نداو و 100 حه‌وزی بچووك هه‌ن و سه‌رجه‌میان توانای گلدانه‌وه‌ی 10 ملیار مه‌تر سێجا ئاویان هه‌یه. به‌نداوه‌كان سێیان به‌نداوی گه‌وره و 14یان به‌نداوی بچووك و مامناوه‌ندن.