نووسه‌رێك پرسی ریفراندۆم ده‌كاته هه‌وێنی رۆمانێك
پۆڵا سه‌عید رۆمانی "خه‌نده‌ی به‌رد" و "فریدریش نیچه.. ژیان و فه‌لسه‌فه‌كانی" بڵاوكرده‌وه
K24 - هه‌ولێر:
پۆڵا سەعید، نووسەری کورد رایگه‌یاند، پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانی كردووه‌ته هه‌وێنی رۆمانێك به‌ناوی "خه‌نده‌ی به‌رد" و باسی ئایندەی دەوڵەتی کوردی ده‌كات، رۆمانه‌كه له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی چاپ كراوه و به‌مزووانه بە دوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی بڵاودەکرێتەوە.
پۆڵا سەعید، نووسەری رۆمانی "خەندەی بەرد" دوای بڵاوبوونەوەی رۆمانەکەی، بۆ تێگەیشتن لە هەندێ چەمک و دەستەواژە فەرهەنگێکی تایبەتی بڵاوکردەوە و ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به‌شێکی زۆری چه‌مکه‌کانی رۆمانی خه‌نده‌ی به‌رد، چه‌مکی زانستین، به‌شێکی دیكه‌ی فه‌لسه‌فیین، چه‌مکه‌کان هی یۆنانی کۆنن و به‌شێکیش لاتینییه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ندێک وشه‌ی دیكه هه‌ن، که بە هه‌مان شێوه ده‌شێت روونکردنه‌وه له‌سه‌ریان بۆ خوێنه‌ر پێویست بێت، به‌ڵام به ویست فه‌رهه‌نگم بۆ رۆمانه‌که دانه‌نا، چونکه پێویسته خوێنه‌ر خۆی بۆ واتا بگه‌ڕێت.
پۆڵا سەعید، له ناساندنی رۆمانه‌كه‌یدا ئاشكرای كرد، كه پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و ئایندەی دەوڵەتی کوردی کردووەتەوە هەوێنی رۆمانێك و لە ئایندەیەکی نزیکدا بە هه‌ردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی، لە کوردستان چاپ و بڵاودەکرێتەوە.
ئاشكراشیكرد، رۆمانه‌که باس له بیۆگرافیای ژیانی خۆم و ئایندهی کورد ده‌کات، ئاینده‌یه‌ک که کورد تێیدا ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی ئازادی هەیە، واتە خاوەنی ده‌وڵه‌تێکی ئهقڵانییە نه‌ک ئیسلامی، ده‌وڵه‌تێک که نه‌وه‌کانی تێیدا هه‌موو زانان و نیشتمانی خۆیان خۆشده‌وێت.
پۆڵا سەعید، روونیكرده‌وه، ئه‌م رۆمانه یەکەمین هەوڵە، کە تێیدا به پۆزهتیڤکردنی بیرکردنه‌وه‌ی کورده له‌سه‌ر ئایندهی خۆی و هاندان بۆ خۆپێگەیاندنی كردبێته ئامانج، گوتیشی: جگە لەوەش رۆمانه‌که وەک گێڕانەوەی مێژوو قسه له‌سه‌ر ریفراندۆم و هه‌وڵه‌کانی ده‌کات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "رۆمانه‌که له ئایندهی کورد دایه، له مانگی نیسانی ساڵی 2050".
نووسه‌ری رۆمانه‌كه به چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رادیۆی كوردستان24 گوتی: كاره‌كته‌ره‌كانی ناو رۆمانه‌كه له ساڵی 2074 ده‌ژین، واته رۆمانه‌كه له ئاینده‌دا ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وان بۆ مێژوو ده‌گه‌ڕێنه‌وه و باسی ساڵی 2020 ده‌كه‌ن، ئامانج له گه‌ڕانه‌وه‌ی مێژوو، چاككردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه‌یه، كه له رابردوودا كراوه".
پۆڵا سەعید لەدایکبووی شاری سلێمانییە، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و پیشەییەکانی لە سلێمانی تەواو کردووه. هەرچەندە لەدوای قۆناغی ناوەندی، ویستوویەتی بچێتە هونەرە جوانەکانی سلێمانی و لەوێ لە بواری نیگارکێشی درێژە بە خوێندن بدات، بەڵام بەهۆی مەرجەکانی ئەو سەردەمەوه، کە بە پلەی یەکەم بەعسیبوون مه‌رج بووە، رێگای خوێندنی پێنەدراوە.
ئەو نووسەرە لە هاوینی ساڵی 1994دا کوردستانی بەجێ هێشتووە، لە سەرەتای ساڵی 1995 چووەتە ئەڵمانیا و لەو کاتەوە لەو وڵاتە دەژی. لە ساڵی 1996 لەڕووی سیاسییەوە دەستبەرداری ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.
رۆمانەکانی دیكه‌ی نووسەر بریتین له:
1- فڕیینم بیرچۆتەوە.. لەم کەنارەدا بۆ هاوڕێیەک دەگەڕێم
2- لە نائاگاییدا هەموومان ئازا و ئازادین
3- ئەفرۆدیته