سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و پاریس دەکەنەوە
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق دەکات
K24 - هەولێر
رۆژی یەکشەممە 26ـی ئەیلوولی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە ئۆلیڤیێ دیکۆنتی کونسوڵی فەرەنسا لە ھەولێر ئامادەی بوو، سەرۆک بارزانی ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی فەرەنسا لە عێراق خواست و وێرای ئاماژەدانی سەردانی سەرۆک ماکرۆن بۆ ھەرێمی کوردستان جەختی لە پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان کردەوە.
ھەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی فەرەنسا ئەوەی دووپاتکردەوە کە دۆستایەتی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان بابەتێکی نەگۆڕ و ھەمیشەییە.
لە درێژەی دیدارەکەدا رۆشنایی خرایە سەر ھەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەری داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ھەردوولا ھیوایان خواست ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ببێتە ھۆی بەدیھاتنی سەقامگیری و گۆڕانکاری ئیجابی کە لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیانی عێراق بێت.
بارودۆخی شنگال تەوەرێکی تری ئەو دیدارەبوو و، جەخت لەسەر پێویستی ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکی شنگال بۆ ناوچەکەیان کرایەوە.