نووسینگەی قوباد تاڵەبانی: : 65%ـی پڕۆژەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین تەواو کراون

نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، لە کابینەی نۆیەمدا 65%ـی پڕۆژەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین تەواو کراون. 

لە کاتێکدا کارکردن لە پڕۆژەی رێگای دووسایدی چوارقوڕنە - دوکان بەردەوامە، بە گوێرەی ئامارەکانی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا 65%ـی پڕۆژەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و کارگێڕییە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین تەواو کراون، جگە لە دانانی هەردوو سیستەمی بایۆمەتری و پێوەری زیرەک، مێژووی ئەو دوو سیستەمە بۆ ساڵانی 2016 و 2017 دەگەڕێتەوە.

نووسینگەی قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا، ساڵی 2025 نموونەیەکی جوانی فەرمانڕەوایی بووە لە بەڕێوەبردندا و تەنیا لەو ساڵەدا بڕی 564 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی ئەو سنوورە دابین کراوە، ئەمەش جیا لەوەی 78 ملیار دیناری دیکە بۆ کەرتی تەندروستی تەرخان کراوە.

سەبارەت بە ئاماری گشتیی پڕۆژەکانی ئەو سنوورە لە دوای ساڵی 2021ـەوە، نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران روونیشی کردەوە، بە گشتی 1,172 پڕۆژە هەبوون و بەم شێوەیە جێبەجێ کراون:

- پارێزگای هەڵەبجە: لە کۆی 386 پڕۆژە، 215 پڕۆژەیان لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا تەواو بوون و جێبەجێ کراون.

- ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین: لە کۆی 336 پڕۆژە، 199 پڕۆژەیان تەواو بوون و جێبەجێ کراون.

- ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: لە کۆی 450 پڕۆژە، 286 پڕۆژەیان تەواو کراون و جێبەجێ کراون.

دەربارەی پارێزگای سلێمانی و بەتایبەتی کەرتی شارەوانی، ئەوەی خستووەتەروو، لە دوای ساڵی 2022ـەوە 344 پڕۆژە هەبوون و 210 پڕۆژەیان تەواو بوون، هەر لەم ساڵەشدا 390 هەزار مەتر دووجا شەقام قیرتاو کراوە، جگە لەوەش ساڵانە 17 ملیار دینار بۆ پاککردنەوەی شاری سلێمانی تەرخان دەکرێت.

هاوکات باس لەوە کراوە، کەرتی کارەبا داهاتی خۆی هەیە لە 8%ـی داهاتەکە و لەو داهاتەدا 760 پڕۆژە هەبوون، لەو ژمارەیەش 657 پڕۆژەیان جێبەجێ کراون، ئەمەش رێژەیەکی یەکجار بەرزە و نزیکەی 86%ـی پڕۆژەکان تەواو بوون، جیا لەوەی لە ساڵی 2025ـدا بڕە پارەیەکی دیکە بۆ کەرتی کارەبا تەرخان کراوە و بڕەکەی 43 ملیار دینار بووە.