باڵیۆزی نوێی فەرەنسا: بە بایەخەوە سەیری رۆڵ و پێگەی کوردستان و سەرۆک بارزانی دەکەین

سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە ئەلێکساندەر گارسیا، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق کرد؛ لە دیدارەکەدا باڵیۆزی فەرەنسا جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییەکان و گرنگیی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی ناوچەکەدا کردەوە و سەرۆک بارزانیش ستایشی پاڵپشتییەکانی فەرەنسای بۆ گەلی کوردستان کرد.

بارەگای بارزانی راگەیەنەدراوێکی بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026 لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ئەلێکساندەر گارسیا باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لەدیدارەکەدا کە ئیمانوێل مینیۆ کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە لە هەموو کاتێکدا وڵاتەکەی بە بایەخەوە سەیری ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی دەکات.

باڵیۆزی نوێی فەرەنسا ئەوەشی خستەڕوو، سیاسەتی فەرمیی فەرەنسا پشتیوانیکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییە هەمەلایەنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانە. چونکە هەرێمی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا دەگێڕێت.

بارەگای بارزانی ئاماژەی داوە، هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراقی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە تازەکەیدا. جەختیشی لەوە کردەوە کە گەلی کوردستان بەچاوی ستایش و رێزەوە سەیری گەل و حکوومەتی فەرەنسا دەکات بۆ هەموو ئەو پاڵپشتییانەی بەرانبەر گەلی کوردستان هەیانبووە و راشیگەیاند هەرێمی کوردستان شانازی بەو پەیوەندییانە دەکات و پەیوەندیی نێوان هەردوولا لە ئەولەوییەتەکانی ئێمەیە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بارودۆخی سیاسیی هەرێم و دواپێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.