دەستەی دەستپاکی پێداگیری لە تەرخانکردنی دادگایەکی تایبەت بە کەیسەکانی گەندەڵی دەکات
پڕۆژەی ستراتیجی نیشتمانی دەستەی دەستپاکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ئەنجومەنی وەزیران پەسند کرا
K24 - هەولێر
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی رایدەگەیەنێت، پێداگیری دەکات، کە دادگایەکی هەرێمی کوردستان تایبەت بکرێت بە کەیسەکانی گەندەڵی، بەگوتەی خۆیان ئەمە وادەکات هەم کەیسەکان زووتر یەکلایی بکرێنەوە، هەمیش پڕۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی خێراتر دەبێت.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئامادەی کۆبوونەوەی دوێنێ 29/9/2021 ئەنجومەنی وەزیران هەرێمی کوردستان بوو، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر پێشنیاری دەستەی دەستپاکی، (پڕۆژەی ستراتیجی نیشتمانی دەستەی دەستپاکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان 2021-2025) پەسند کرد، دواتر دەستەی دەستپاکیی لە هەرێمی کوردستان، میکانیزم و شێوازی جێبەجێکردنی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، دیاری دەکات بە رەچاوکردنی تایبەتمەندیی.
حاکم ئەنوەر ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "رەشنووسی ستراتیجی نیشتمانی دەستەی دەستپاکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، ماوەیەک درا بە وەزیرەکان بۆ ئەوەی خاڵەکانی رەشنووسەکە بخوێننەوە، ئەو رەشنووسە بە بەشداری شارەزایانی ناوخۆیی و بیانی ئامادەکراوە، دیدێکە بۆ پێنج ساڵی داهاتووی دەسەڵاتەکان، کە چۆن پڕۆسەی چاکسازی و گەندەڵی ئەنجامبدەین. لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران دوای دوو کاتژمێر گفتوگۆکردن رەشنووسەکە پەسند کرا".
سەبارەت بە کردنەوەی دادگایەکی تایبەت بە گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان حاکم ئەنوەر، گوتی: "بەهۆی کەمی ژمارەی دادوەر یەکلاکردنەوەی کەیسەکان بە سستی بەڕێوەدەچێت، دادگاکان کەیسی زۆریان لەلایە و کەیسەکانی گەندەڵیش لە پاڵ کەیسەکانی دیکە دەبینن، لەم روانگەوە چەند ساڵێکە داوا دەکەین هاوشێوەی بەغدا دادگایەکی تەرخان بکرێت بە یەکلاکردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی، ناکرێت کەیسێک دوو ساڵ لە دادگا بمێنێتەوە".
سەبارەت بەوەی دەگوترێت لە هەرێمی کوردستان تائێستا نەبینراوە هیچ کەسێکی دیار لەسەر گەندەڵی سزا بدرێت، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەکرد: "پرۆسەی دادگاییکردن پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئێمە وەک دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی دەکەین، سستی بەڕێوەچوونی کەیسەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دادگاکان ژمارەیەکی زۆری کەیسیان لەلایە. بۆیەشە ئێمە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە داوامان کردووە دادگایەکی تایبەت بە کەیسەکانی گەندەڵی بکرێتەوە، بەڵام تائێستا رێوشوینەکان تەواو نەبوونە، ئێمە بە نیازین جارێکی دیکە بۆ ئەم مەبەستە قسە لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری بکەینەوە. بە دڵنیایەوە پیداگرین لەسەر کردنەوەی ئەو دادگایە، بۆ ئەوەی هیچ کەیسێک لە ساڵێک تێنەرپەڕێت یەکلایی بکرێتەوە، لە هەمانکاتدا پڕۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی خێراتر دەکات".
بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەست کوردستان24 کەوتووە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە دەستەی دەستپاکی 50 کەیسی گەندەڵی رەوانەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان کردووە.