ژمارەیەک کۆچبەری عێراقی لە بیلارووسیا چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە
کۆچبەران لەنێوان بیلارووسیا – پۆڵەندا لە دۆخێکی خراپ دان
K24 - هەولێر
سنوورەکانی نێوان بیلارووسیا و پۆلەندا بووەتە رێڕەوی سەرەکی پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بە تایبەت عێراقی، بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەڵام لەسەر سنوورەکان تووشی چەندین رێگری دەبنەوە و پۆڵەندا سنوورەکانی توندکردووە و بەهیچ شێوەیەک رێگە بە پەڕینەوەی کۆچبەران نادات، بۆیە کۆچبەران لە دۆخێکی سەخت و سەرما، بێ ئاو و خواردن لە دارستانەکان دەمێننەوە.
ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی، لە سنووری نێوان بیلارووسیا -پۆڵەندا گیریان خواردووە عێراقین، سێ گەنجی عێراقی لە دارستانەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە کە چەندینجار هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی خۆیان دەرباز بکەن و بگەنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
یەکێک لەو گەنجە عێراقیانە دەڵێ: "پۆلیسی پۆڵەندا ئێمەی گەڕاندەوە بۆ بیلارووسیا، لێیان نەداین، بەڵام ئاو و خواردنییان پێنەداین، داواشمان کرد، بەڵام گوتییان بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی لێیەوە هاتوون، کە مەبەستی بیلارووسیایە".
ئەم سێ کەسە وەک خۆیان بە میدیاکانیان گوتووە، هاوڕەگەز خوازن و لەترسی کوشتنییان لەلایەن میلیشییاکان و رەتکردنەوەیان لەلایەن کۆمەڵگە، عێراقییان بەجێهیشتووە و دەیانەوێت روو لە ئەڵمانیا بکەن. ئەندامی یەکێک لە رێکخراوە مرۆییەکانیش، دەیەوێت کەیسەکەیان بگەیەنێتە دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ.
ئانا دابرۆفسکا، ئەندام لە رێکخراوێکی ناحکومی دەڵێ: "نازانم چیان بەسەردێت، هیوادارام بتوانین لە دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتیوانیان بۆ دەستەبەربکەین، بۆ ئەوەی ئەم کۆچبەرانە پارێزراو بن".
چەند مانگێکە سنووری نێوان بیلارووسیا – پۆلەندا، بووەتە رێڕەوی سەرەکی پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بە تایبەت عێراقییەکان، لەسەر ئەو سنوورانە تووشی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە و رێگەی پەڕینەوەیان نییە، بۆیە لە دۆخێکی سەخت و سەرما، بێ ئاو و خواردن لە دارستانەکان دەمێننەوە، لە ماوەی رابردووشدا چەند کۆچبەرێکی عێراقی لەسەر ئەو سنوورانە گیانییان لەدەستداوە.