پارتی بارەگاکانی لە کەرکووک وەردەگرێتەوە
ئەو هێزانەی لە بارەگاکانی پارتی جێگیرکراون دەگوازرێنەوە

K24 - هەولێر
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت، ئەو هێزانەی لەنێو بارەگاکانی پارتی دان لە کەرکووک، بەدوای شوێنێکی گونجاو بۆخۆیان دەگەڕێن و لە رۆژانی داهاتوودا دوای چوونەدەرەوەی ئەو هێزانە، پارتی دەچێتەوە ناو بارەگاکانیان.
دیاری حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە دوای 16 ئۆکتۆبەر هێزێکی زۆر لە کەرکووک جێگیر کران، زۆربەشیان لە بارەگاکانی ئێمە جێگیرکران، چونکە خەڵکی تر بارەگاکانی ئێمەیان پێ نیشاندان".
گوتیشی: "وەکچۆن لە مەخموور و مووسڵ بارەگاکانمان چۆڵدەکەن، ئێستا ئەو هێزانە بەڵێنیان داوە بارەگاکانمان لە کەرکووک و خانەقین و شوێنەکانی دیکەش بارەگاکانمان چۆڵ بکەن، ئێستا ئەوان بەدوای شوێن دادەگەڕێن، ئومێد دەکەین پێش هەڵبژاردن بارەگاکانمان چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئێمەش بگەڕێینەوە ناو بارەگاکانی خۆمان".