له مانگێكدا حكومه‌ته كاتییه‌كه‌ی تاڵیبان چی به‌ده‌ستهێناوه
سه‌ره‌ڕای ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆ، ئه‌وه‌ی ئه‌فغانییه‌كانی نیگه‌ران كردووه، چاره‌نووسی پرۆسه‌ی سیاسی وڵاته‌كه‌یانه

K24 – هه‌ولێر:
مانگێكه بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئیسلامی ئه‌فغانستان كابینه‌یه‌كی حكومه‌تی كاتی بۆ راپه‌ڕاندنی كاروباری وڵاته‌كه‌ی پێكهێناوه، به‌ڵام تا ئێستا چاره‌نووسی پرۆسه‌ی سیاسی له‌و وڵاته‌دا روون نییه.
به گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ ده‌سه‌ڵات، شه‌ڕی ناوخۆ له وڵاته‌كه وه‌ستاوه. ئاستی توندوتیژییه‌كان دابه‌زیوه و ئه‌مه‌ش ئه‌نجامێكی ئه‌رێنی گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبانه.
وه‌ستانی شه‌ڕ دوای ئه‌وه دێت ماوه‌ی زیاتر له 40 ساڵه ده‌نگی ته‌قه و ته‌قینه‌وه له گوێی ئه‌فغانییه‌كاندا ده‌زرینگێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆ، ئه‌وه‌ی ئه‌فغانییه‌كانی نیگه‌ران كردووه، چاره‌نووسی پرۆسه‌ی سیاسی وڵاته‌كه‌یانه.
تاڵیبان رایگه‌یاندبوو، حكومه‌تێكی گشتگیر پێكده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌و كابینه كاتییه‌ی درووستیكردووه، به گشتگیر هه‌ژمار ناكرێت.
ره‌خنه‌ی ئه‌وه له تاڵیبان ده‌گیرێت، وه‌زیره‌كان سه‌رجه‌میان له زانا و سه‌ركرده ئاینییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانن.
هۆزی هه‌زاره شیعه‌كانی ئه‌فغانستان جێگری وه‌زیری ته‌ندرووستیان پێدراوه. كابینه‌كه هیچ ژنێكی تێدانییه. هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش پێشتر پۆستیان هه‌بووه له پۆسته وه‌زارییه‌كان پشكیان پێ نه‌دراوه.
تاڵیبان به‌ڵێنی دابوو، رێزی مافی ژنان بگرێت، به‌ڵام له "چوارچێوه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا"، له یه‌كه‌م كاریشدا، ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی پێشتر بۆ كاروباری ژنان دانرابوو، هه‌ڵیوه‌شانده‌وه و فه‌رمانبه‌ره‌كانی به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌دا دابه‌ش كرد.
هاوكات ئیماره‌تی ئیسلامی ئه‌فغانستان، وه‌زاره‌تێكی به ناوی وه‌زاره‌تی بانگه‌واز و رێنموونی و فه‌رمان به چاكه و رێگرتن له خراپه دامه‌زراند.
تاڵیبان نه‌یشاردووه‌ته‌وه، كه له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا پشت به سه‌رچاوه متمانه‌پێكراوه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام ده‌به‌ستێت.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه، ئه‌وان پابه‌ندن به دامه‌زراندنی ئیماره‌تی ئیسلامی و ده‌بێت وڵات له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌ریعه‌ت به‌ڕێوه ببرێت.
به هۆی ئه‌و ره‌وشه نوێیه‌ی وڵاته‌كه‌وه نرخی خواردنه سه‌ره‌كییه‌كان به رێژه‌ی نیوه به‌رز بوونه‌ته‌وه و به‌های دراوی ئه‌فغانی دابه‌زیوه.
هۆكاری ئه‌و كێشه ئابوورییه، بلۆك كردنی 9 ملیار دۆلاری ئه‌فغانستانه له بانكه بیانییه‌كان و هه‌روه‌ها راگرتنی كۆمه‌كی داراییه بۆ ئه‌و وڵاته.
تاڵیبان پێشتر به‌ڵێنی دابوو، هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاسایشی دراوسێكانی درووست ناكات، به‌ڵام له سه‌ر سنووری تاجیكستان هێزی كۆكردووه‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دانی به‌وه‌دا ناوه پێویسته وه‌ك ئه‌مر واقیعێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی تاڵیباندا بكرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گر دانیشی پێدا نه‌نرێت.
هیوای ئه‌وه‌ش هه‌یه بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان سوودی له هه‌ڵه‌كانی رابردوو وه‌رگرتبێت و رێزی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی هاوسنووری ئه‌فغانستان بگرێت.
رووسیا، چین، له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و پاكستان له ئاستی هه‌رێمایه‌تی زۆرترین هه‌وڵیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی تاڵیبان گوێ له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بگرێت و ئه‌فغانستان نه‌بێته نه‌وایه‌ك بۆ ئه‌و گرووپ و رێكخراوه چه‌كداریانه‌ی له لیستی تیرۆری وڵاتان دان.