حزبی سۆسیالیست كاندیده‌كانی خۆی له‌ چه‌ند بازنه‌كه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی ده‌كشێنێته‌وه

"لەپێناو پشتیوانی کاندیدەکانی پارتی له‌ هەولێر و سلێمانی و دهۆك و شارەزوور و هەڵەبجە ژمارەیەك کاندیده‌كانمان دەکشێنینەوە"
حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ژماره‌یه‌ك له‌ كاندیده‌كانی ده‌كشێنێته‌وه‌
حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ژماره‌یه‌ك له‌ كاندیده‌كانی ده‌كشێنێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگه‌یاند، لەپێناو پشتیوانی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە ژمارەیەك کاندیدی خۆی دەکشێنێتەوە.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 8/ 10/ 2021 لەپێناو پشتیوانی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌، لە شاری هەولێر کۆبووەوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، لە کۆبوونەوەکەدا بەگرنگییەوە باس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێگەی کورد لە پەرلەمانی داهاتوو کرا و تیشک خرایە سەر رۆڵی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە سەرخستنی کەسانی چالاک و نیشتمانپەروەر بۆ ئەو ئەرکە بەجۆرێک کە بتوانن پارێزگاری لە پێگەی هەرێمی کوردستان و بەرگری لە ماف و دواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیاری دا لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی و یەکخستنی هەوڵ و دەنگەکان لە ژمارەیەک لە بازنەکانی هەر سێ پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و بازنەکانی شارەزوور و هەڵەبجە پشتیوانیی لە کاندیدەکانی پارتی دیموراتی کوردستان بكات.

روونیشكراوه‌ته‌وه‌، بۆ ئەو مەبەستە لە پارێزگای هەولێر لە بازنەکانی (2، 3، 4) و لە پارێزگای سلێمانی لە بازنەی (1، 3، 4، 5) و لە پارێزگای دهۆک لە بازنەکانی ( 1، 2، 3) پشتیوانیی لە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌کرێت.

هەروەها بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست، لە بازنەکانی (2)ی سلێمانی و (1)ی هەولێر و تەواوی پارێزگای کەرکووك و خانەقین و مووسڵ کار بۆ سەرخستنی کاندیدانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ده‌کرێت.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست راشیگه‌یاند، هیواخوازین هەڵبژاردنێکی بێگەرد و سەرکەوتوو بەڕێوەبچێت و هاووڵاتیانی کوردستان بەگشتی و هەڤاڵ و لایەنگرانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە گەرم و گوڕییه‌وه‌ بەشداری دەنگدان بکەن.