گفتوگۆ لەبارەی گۆڕینی چەند بەرپرسێکی دیکەی ئیدارەی ترەمپ بەردەوامە
میدیاکانی ئەمریکا باس لە ئەگەری دوورخستنەوەی چەند بەرپرسێکی باڵای ناو ئیدارەی ترەمپ و ژمارەیەک جەنەراڵی پێنتاگۆن دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە ئاڵۆزییەکانی واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار.
گۆڤاری "ئەتلانتیک" رۆژی پێنجشەممە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پلانەکانی کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، هەندێک گفتوگۆ لە ئارادان سەبارەت بە جێهێشتنی پۆستەکانی هەریەک لە کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، دانیال دریسکۆڵ، وەزیری سوپا و لۆری چاڤیز دێرێمەر، وەزیری کار لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کاتی ئەم گۆڕانکارییانە هێشتا دیار نییە و ترەمپ بڕیاری کۆتایی لەسەر نەداون. هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە کە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی خێرا راستیی ئەم راپۆرتە پشتڕاست بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئەمریکا رۆژی هەینی بڵاویانکردەوە، سەرکردایەتی پێنتاگۆن جگە لە راندی جۆرج، سەرۆکی هێزە زەمینییەکانی ئەمریکا، دوو جەنەراڵی دیکەی باڵایان لە پۆستەکانیان دوورخستووەتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی "واشنتن پۆست"، ئەو دوو جەنەراڵە بریتین لە جەنەراڵ دەیڤد هۆدنی، کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا فەرماندەیی مەشق و گۆڕانکاریی لە سوپادا گرتبووە دەست، لەگەڵ لیوا ویلیام گرین جونیۆر، گەورە قەشەی هێزە زەمینییەکان.
ئەم راپۆرتانە لە کاتێکدا بڵاودەبنەوە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران روو لە هەڵکشانن و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر تاران توندتر بوونەتەوە، لەوانە هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی پرد و وێستگەکانی وزە، تەنانەت ترەمپ گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بڵێت "ئێران دەگەڕێنمەوە بۆ سەردەمی بەردین".
ئەم دەنگۆیانە لە کاتێکدان کە گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاندبوو، راندی جۆرج سەرۆکی هێزە زەمینییەکانی ئەمریکا، دەستبەجێ خانەنشین دەبێت. بڕیارەکەی پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ دوورخستنەوەی جۆرج لە کاتێکی هەستیاردایە، بەتایبەت کە باس لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینی سوپای ئەمریکا لە دژی ئێران دەکرێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، کریستۆفەر لانێڤ، جێگری سەرۆکی ئەرکان، پۆستی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا بە وەکالەت وەردەگرێت. سەرچاوەیەک بە کەناڵی "سی بی ئێس"ی راگەیاندووە، هیگسێت دەیەوێت کەسێک لەو پۆستەدا بێت کە بتوانێت دیدگای ترەمپ و وەزیری بەرگری بۆ سوپا جێبەجێ بکات.
ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەم بڕیارە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە پرسی ئێرانەوە هەبێت، چونکە لانێڤ کە دەبێتە سەرۆکی نوێی ئەرکان، پێشتر فەرماندەی گشتیی فیرقەی 82ی هێزە ئاسمانییەکان بووە.