سێنتکۆم خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی لە گەرووی هورمز رەتدەکاتەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی دەکەن لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە گەرووی هورمز.
سێنتکۆم لە پلاتفۆرمی "ئێکس" رایگەیاندووە، "سوپای پاسداران بانگەشەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی لەسەر دوورگەی قیشم لە گەرووی هورمز دەکات، بەڵام ئەم هەواڵە درۆیە"، جەختیشیکردەوە، سەرجەم فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە پارێزراون و ئامادەییان هەیە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رەخنەی لە شێوازی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان لەلایەن تارانەوە گرت و رایگەیاند، "ئەمە بەلایەنی کەمەوە شەشەم جارە کە سوپای پاسدارانی ئێران ئەم بانگەشە درۆیانە دووبارە دەکاتەوە."
ئەم کاردانەوەیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، "فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتوو"یان لە باشووری دوورگەی قیشم پێکاوە و فڕۆکەکە لە ئاوەکانی کەنداودا کەوتووەتە خوارەوە، ئێرانیش لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بە جۆری فڕۆکەکە یان ناسنامەکەی نەدابوو، تەنیا جەختی لە پێکانی ئامانجەکە کردبووەوە.