بەهۆی ئامادەبوونی هاندەران لەناو یاریگا یاریی نەورۆز و جەوییە نەکرا
بەهۆی ئامادەبوونی هاندەران لەناو یاریگا، یاریی نەورۆز و قوە جەوییە لە خولی نایابی عێراق نەکرا کە وابڕیاربوو لە سلێمانی ئەنجام بدرێت.
وابڕیاربوو کاتژمێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی یاریی نەورۆز و قوە جەوییە لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی عێراق لە یاریگای مەلعەبەکە لە سلێمانی بکرێت، بەڵام بەهۆی ئامادەبوونی هاندەرانی یانەی نەورۆز لە یاریگا کە ژمارەیان دەگەیشتە زیاتر لە هەزار هاندەر، ناوبژیوانی یارییەکە رەتیکردەوە فیکەی دەستپێکی یارییەکە لێبدات و دوای زیاتر لە کاتژمێرێک چاوەڕوانی هاندەران ئامادە نەبوون یاریگا بەجێبهێڵن و یارییەکە نەکرا.
پێشتر عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی رایگەیاندبوو پێشبینی دەکرێت لەم گەڕە رێگا بە ئامادەبوونی بەشێکی هاندەران بدرێت، بەڵام دواتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاند هێشتا چاوەڕێن وەزارەتی تەندروستی رەزامەندییان پێبدات بەشێکی هاندەران ئامادەی یارییەکانی خولی نایابی عێراقی بن، کە بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەدەخەکراوە.
بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکانی خولی نایابی عێراقی لەوانەیە یانەی نەورۆز بە ئەنجامی 3-0 بە دۆڕاو هەژمار بکرێت، چونکە نەیتوانیوە رێگا لە ئامادەبوونی هاندەران بگرێت، لەکاتێکدا لەم وەرزە لە بەشێکی یارییەکان هاندەرانی یانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە ئاشکرا لە یاریگاکان ئامادە دەبن و ناوبژیوانی یارییەکانیش هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە.