سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری دەکات
پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری: کوردستان مەڵبەندی بەیەکەوەژیان و ئازادیی ئایینی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانە
K24 - ههولێر:
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە (16ی تشرینی یهكهم/ ئۆکتۆبەری 2021) پێشوازی لە پارتریارک مار ئاوای سێیەم پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت دووبارە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە پارتریارک مار ئاوای سێیەم کرد و پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دووپاتکردەوە لە پێناو برەودانی زیاتر بە کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری، سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە جێی خۆشحاڵییە، کوردستان مەڵبەندی بەیەکەوەژیان و ئازادیی ئایینی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانە و پێویستە پەیامی هەموو ئایینەکان، بڵاوکردنەوەی ئاشتیی و خۆشەویستی بێت.
بارودۆخی گشتیی کریستیانەکان لە عێراق و سووریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.