هاووڵاتییان متمانەیان بە کاندیدەکانی نزیک لە پەکەکە نەدا
چاودێرانی سیاسی: خەڵك بڕوای بە پەکەکە نییە
K24 – سلێمانی
هیچ کاندیدێکی نزیک پەکەکە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرنەکەوتن و هاووڵاتیانیش متمانەیان پێنەدان. پەکەکە لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان چۆڵ ناكات، بيانووش بە هێرشەکانی توركيا دەدات، بۆ ئەوەی ناوچه سنوورييه‌كان بۆردومان بکات و بووەتە هۆکاری ناسەقامگیری بۆ ناوچەکانیش. چاودێرانیش ده‌ڵين، پێويسته په‌كه‌كه ئه‌وه‌ى لا روون بێت کە هاووڵاتيیان په‌كه‌كه‌یان ناوێت، باش‌ترين نموونه‌ش سه‌رنه‌كه‌وتنى كانديده‌كانيانه كه به‌ناوى سه‌ربه‌خۆ به‌شداریان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
دوای رووداوه‌كانى 16ی ئۆكتۆبەر و بە یارمەتیی ھەندێك لە میلیشیاكانی عێراق، ئیدارەیەكی سەر بە پەكەكەیان لە شنگال سەپاند، لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق سەرەڕای چەندین پێشێلكاری، بەڵام په‌كه‌كه نەیانتوانی یەك كاندیدی خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق سەربخەن، بەمەش بەڕوونی دەركەوت كە پەكەكە لە ھەرێمی كوردستان ھیچ پێگەیەكیان لەناو خەڵكدا نییە، كەچی ھێشتا ھەر سوورن لەسەر مانەوەیان لە ناوچە سنوورییە جیاجیاكانی ھەرێمی كوردستان.
دوو رۆژ لەمەوبەر و لە 15 ئۆكتۆبه‌ر جارێكی دیكە توركیا بەھۆی بوونی پەكەكەوە سنووری شارۆچكەی ماوەت و شارباژێڕی بۆردومانكرد.
لەبارەی زیانەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان هاوكار جه‌لال، چاودێرى سياسى بە کوردستان24ی گوت: "سەدا 15ی کورد لە تورکیا سوودی لە پەکەکە نەبینیوە، چۆن هاووڵاتییانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان سوود لە پەکەکە دەبینن. لە دوایین هەڵبژاردن کە متمانە بە کاندیدەکانی پەکەکە نەدراوە، ئەمە وەڵامی گەلە و دەڵێن پەکەکەمان ناوێت، کاتێک پەکەکە دەیەوێت خۆی بسەپێنێ گەل وەڵامیان دەداتەوە".
دوای ھەڵبژاردنیش بەژمارە دەركەوت په‌كه‌كه له هەرێمی كوردستان ھیچ پێگەیەكی جەرماوەری نییە، بەڵام هێشتا دەست لە ھەرێمی كوردستان ھەڵناگرێت، بەم ھۆیەوە ناوە ناوە چەند شوێنێكی ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومان دەكرێن و زیانیش بە جوتیارانی ھەرێمی كوردستان دەگات. ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێ، پێويسته په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بێنه ده‌نگ، چونكه ته‌نها سنووره‌كانى سلێمانى نيیه كه بۆردومان ده‌كرێن، بەڵکو سه‌روه‌رى خاكى عێراقيش پێشێلكراوه.
با‌رزان حاميد، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى بە کوردستان24ی رایگەیاند: "وەک لیژنەی ناوخۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەگەر هاووڵاتییان سکاڵایان هەبێت ئامادەین لێیان وەربگرین. بەڵام بابەتە لەوە فراوانترە، بۆیە پێویستە لە پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، چونکە ئەمە پێشێلکارییە بەرامبەر بە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق".
بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ژمارەیەک کاندیدی پەکەکە، به‌ناوی سه‌ربه‌خۆوه بەشداریان کردبوو، له‌سه‌رجه‌م بازنه‌كان نه‌يانتوانى هيچ كورسييه‌ك و ده‌نگى پێويست به‌ده‌ست بهێنن، چاودێرانی سیاسیش ئەمە وا لێکدەدەنەوە كە خەڵكی كوردستان تەواو لە سیاسەتەكانی پەكەكە تێگەیشتوونە، دەزانن بەھیچ شێوەیەك خزمەت بە خەڵكی ھەرێمی كوردستان ناكات و ئەم ھەڵبژاردنەش دەریخست، كە خەڵكی كوردستان پەكەكە رەتدەكاتەوە.