فەرهاد ئەترووشی جەخت لە باشترکردنی سێکتەری تەندروستی دەکاتەوە

 جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لە پابەندبوونی پەرلەمان بە پەسەندکردنی ئەو یاسا و سیاسەتانە کردەوە دەبنە هۆی باشترکردنی دۆخی تەندروستی لە وڵاتدا.

چوارشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، فەرهاد ئەترووشی لە نووسینگەی فەرمیی خۆی لە بەغدا، پێشوازیی لە جەمیلە راعبی، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. شاندەکە لە شارەزایانی سیستەمە تەندروستی و ژینگەییەکان و گرووپی دیدگای گەشەپێدان پێکهاتبوون.

لە کۆبوونەوەکەدا رێگەکانی پەرەپێدانی هاوبەشی نێوان دەزگای یاسادانان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە تاوتوێکران. ئامانج لەم هەنگاوە، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان و نوێکردنەوەی میکانیزمەکانی خۆپارێزی و سەلامەتیی گشتی بووە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان رۆڵی گرنگی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی تەکنیکی و راوێژکاری بۆ دەزگا تەندروستییەکانی عێراق بەرز نرخاند. ئەترووشی دووپاتیشیکردەوە، پەرلەمان بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانەی خزمەت بە کەرتی تەندروستی دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، جەمیلە راعبی، ستایشی ئاستی هاوکارییەکانی لەگەڵ دەزگای یاسادانان و وەزارەتی تەندروستی و لایەنە حکوومییەکانی عێراق کرد. نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەختی لە پابەندبوونی رێکخراوەکە بە بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی و شارەزایی پێویست بۆ بەهێزکردنی سیستەمە تەندروستییەکە و سەرخستنی هەڵمەتە نیشتمانییەکانی هۆشیارکردنەوە کردەوە.