کۆمسیۆن: هەزار و 360 تانە و سکاڵامان بەدەستگەیشتووە
"ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت"

K24 - هەولێر
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایدەکات، لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی هەزار و 360 تانە و سکاڵایان بەدەستگەیشتووە.
حەسەن سەلمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای 24 کاتژمێر لە بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەزار و 360 تانە و سکاڵایان بەدەستگەیشتووە و سەرجەمیان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری کۆمسیۆن وەڵامدراونەتەوە.
گوتیشی، ئەنجومەنی دادوەری کۆمسیۆن لە سێ دادوەر پێکدێت، کە کاریان پێداچوونەوەیە بە سکاڵا و تانەی کەس و لایەنەکان.
حەسەن سەلمان، ئاماژەی بەوەشدا، دوای تەواوبوونی وادەی پێشکەشکردنی تانەکان و وەڵامدانەوەیان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری کۆمسیۆن، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت.