وردەکاری رووداوی تەقەکردنەکەی حاجیاوا دەخرێتەڕوو
"بە دەمانچە تەقەی لە نانەوا کردووە"
K24 – رانیە
پۆلیسی راپەڕین وردەکاری رووداوی تەقەکردنەکەی حاجیاوا دەخاتەڕوو، رایدەگەیەنێت، پێشتر کێشە لەنێوان ئەو دوو کەسە نەبووە، دوای دەمەقاڵە بووەتە شەڕە مستیان، پاشان ئەو کەسەی لە سرەی نان بووە، بە دەمانچە تەقەی لە خاوەنی نانەواخانەکە کردووە و برینداری کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی وردەکاری رووداوەکەی خستووەتەڕوو کە تێیدا هاتووە: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ناحیەی حاجیاوا گەڕەکی راپەڕین لە بەردەم نانەواخانەیەک کەسێک بە چەکی جۆری دەمانچە بریندار کرا. بریندارەکە بەناوی (ب،ع،م) تەمەنی 26 ساڵ رەگەزی نێر دانیشتووی حاجیاوا یەک فیشەک بەر جەستەی کەوتووە، بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەی گشتی رانیە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و تەندروستی جێگیرە".
ئاماژە بەوەشکراوە: "دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەرکەوت کە ئەو کەسەی بریندار بووەلک، خاوەنی نانەوەخانەکە بووە و پێشتر هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کێشەی تر لەنێوانیاندا نەبووە، بەڵام سەرەتا دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا روویداوە و دواتر لێیان بووە بەشەڕ،و بە مست لە یەکتریان داوە و دوایی لەکاتی شەڕەکە کەسەکە بە چەکی دەمانچە یەک فیشەکی ناوە بە خاوەنی نانەواکە و بریندار بووە".
پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاندووە: "دوای رووداوەکەش کەسوکارەکەی کوڕەکەیان رادەستی پۆلیس کردووە، کە ناوی (س،م،م) تەمەن 24 ساڵ لەڕەگەزی نێر و بەپێی مادەی 405/31 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە".