پەیامێک لە نیوکاسڵەوە بۆ هاندەرانی: تکایە چیدیکە عەگاڵ و دشداشە مەپۆشن

هاندەرانی نیوکاسڵ یونایتد
هاندەرانی نیوکاسڵ یونایتد

یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی لە پەیامێکیدا داوا لە هاندەرانی دەکات چیدیکە عەگاڵ و دشداشە نەپۆشن.

دوای ئەوەی سندوقەی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی کڕییەوە، لە یەکەم یاریی بەرامبەر تۆتێنهام هەزاران هاندەری نیوکاسڵ عەگاڵ و دشداشەیان پۆشیبوو، بە جلوبەرگی سعودی و عەرەبییەوە لە یاریگای یانەکەیان ئامادەبوون.

یانەی نیوکاسڵ یونایتد لە بەیاننامەکەی بڵاویکردووەتەوە 'هیچ کەسێک لە خاوەنە نوێیەکانی یانەکەمان دژایەتی ئەو جلوبەرگە نین کە هاندەران ئاهەنگیان پێوە گێڕا، وەکو ویستی هاندەران شتێکی رێزلێگیراو و قبووڵکراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا لەوانەیە ئەم کلتورە ببێتە هۆی ئەوەی بێ رێزی بەرامبەر کەسانی دیکە بکرێت و بە خراپ بشکێتەوە'.

یانە ئینگلیزییەکە راشیگەیاندووە 'ئێمە رێز لە ئایین و کلتور و نەریتی هەر هاندەرێک دەگرین کە سەردانی یاریگای یانەکەمان بکات و بیەوێت سەیری یارییەکانی یانەکەمان بکات'.

سعوودیە بە بڕی 300 ملیۆن پاوەند یانەی نیوکاسڵ یونایتدی کڕییەوە و دوای ئەوەی بەفەرمی ئەم گرێبەستە راگەیاندرا، هاندەرانی نیوکاسڵ لە یەکەمین یاریی جلوبەرگی سعوودییەیان پۆشی، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە.