برۆكسل... شاندێكی لێژنهی ئهوقافی پهرلهمان چهندین دیداریان ئهنجامدا
لە کۆبوونەوەکاندا باس لەبارودۆخی ھەرێمی کوردستان و رەوشی پێکەوەژیان کرا

K24 - ههولێر:
پهرلهمانی كوردستان بڵاویكردهوه، بەمەبەستی سود وەرگرتن لەئەزموونی پێکەوەژیانی ئاشتییانە وسیستەمی یاسادانان، شاندێكی لیژنەی ئهوقاف وكاروبارى ئایینى لە پەرلەمانی کوردستان، لەوڵاتی بهلژیكا چەندین دیداروکۆبوونەوەیان لەگەڵ ھەریەک لەپەرلەمانی ھەرێمی والونیا و سەرۆکی بەشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا و لیژنەی ئەساقیفەی کاسۆلیک لەیەکێتی ئەوروپا ئەنجامدا.
راگهیاندنی پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند، لە کۆبوونەوەکاندا باس لەبارودۆخی ھەرێمی کوردستان و رەوشی پێکەوەژیان کرا، تیشک خرایە سەر ئەرک و مافی سەرجەم پێکھاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی کوردستان کە ئازادانە ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن.
روونیكردهوه، باس لەرۆڵی دامەزراوە یاسایی و ئیداراییەکانی ھەرێمی کوردستان کرا بۆ ئایین و پێکھاتەکان بەتایبەت یاسای ژمارە(5)ی ساڵی 2015ـی پەرلەمانی کوردستان کەمافی پێکهاتەکانی لە دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان مسۆگهر کردووە.
جهختیكردهوه، سوپاسی پشتیوانی وڵاتی بهلژیكا کرا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکاری کوردستان و پێشمەرگەی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
ئاماژەیپێكرد، باس له ڕەوشی كریستیانهكانی کوردستان کرا وەک پێکھاتەیەکی رەسەن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لە بەرێوەبردنی کوردستان لەدامەزراوەکان رۆڵی گرنگیان ھەیە، هاوکات باس لەدۆخی کوردانی ئێزیدی کرا کە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستیی (داعش) کۆمەڵکوژکراون، کە بە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتی و ئاینی و مرۆڤایەتی تاوانێكی بێ وێنەیان دەرحەق کراوە، بەپێی سەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، دەچێتە چوارچێوەی تاوانەكانی جینۆساید، بۆئەمەش سوپاسی وڵاتی بهلژیكا کرا کەبەفەرمی دانی بەجینۆسایدی ئێزدیەکان داناوە.
روونیشیكردهوه، لهو سهردانهدا باس لەجێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شەنگال وئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە کرا، داوا کرا وڵاتی بهلژیكا رۆڵی خۆی بگێریت لەجێبەجێکردنی رێکەوتنەکە، ھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە.