توێژینەوەیەکی ئەمریکی: ئیسلام دەبێتە بەربڵاوترین ئایین لە جیهاندا

قورئانی پیرۆز
قورئانی پیرۆز

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ئەمریکی، پێشبینی دەکرێت ئایینی ئیسلام ببێتە بەربڵاوترین ئایین لە جیهاندا.

 بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەی "پیو"ـی ئەمریکی (تایبەتە بە توێژینەوەی دیمۆگرافی و راپرسییە گشتییەکان)، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2035 ئایینی ئیسلام ببێتە بەربڵاوترین ئایین لەسەر ئاستی جیهاندا.

ناوەندەکە روونیشی کردەوە، ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی منداڵبوونە، نەک بەهۆی گۆڕینی ئایین لە لایەن تاکەکانەوە. بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیشی، لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2070 ژمارەی موسڵمانان بەهۆی زۆربوونی لەدایکبوونەوە بە بڕی یەک ملیار و 600 ملیۆن کەس زیاد دەکات و پشکیان لە جیهاندا لە 26%ـەوە بۆ 36% بەرز دەبێتەوە.

لە بەرانبەردا، ژمارەی کریستیانەکان 792 ملیۆن کەس زیاد دەکات، بەڵام رێژەکەیان لە ئاستی 29%ـدا بە جێگیری دەمێنێتەوە، هاوکات رێژەی کەسانی بێئایین لە 24%ـەوە بۆ 17% دادەبەزێت. لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2025، تێکڕای منداڵبوون لای ئافرەتانی موسڵمان 3.1 منداڵ بووە، لە کاتێکدا ئەو تێکڕایە لای ژنانی کریستیان 2.5 منداڵ و لای ژنانی ئایینەکانی دیکەش 1.6 منداڵ بووە.

لەسەر ئاستی وڵاتان، تا ساڵی 2070 ئەمریکا زۆرترین ژمارەی کریستیان لەدەست دەدات، بە جۆرێک ژمارەیان لە 217 ملیۆنەوە بۆ 174 ملیۆن کەس کەم دەکات و رێژەکەیان لە 64%ـەوە بۆ 48% دادەبەزێت، لە بەرانبەریشدا رێژەی بێئایینەکان لەو وڵاتەدا لە 30%ـەوە بۆ 41% بەرز دەبێتەوە.

هاوکات پێشبینی دەکرێت ژمارەی کریستیانەکان لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ بگاتە نزیکەی 300 ملیۆن کەس و 54%ـی کریستیانەکانی جیهانیش لە باشووری بیابانی گەورەی ئەفریقا بژین.