مه‌سرور بارزانی: كاتێك له وڵاتێكدا هاووڵاتیان له‌سه‌ر ناو و ناسنامه بكوژرێن به یه‌كگرتوو مانه‌وه‌ی وڵات هیچ مانایه‌كی نییه
له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی فه‌ڕه‌نسا دیداری ئه‌نجام داوه
K24 – هه‌ولێر
مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی پێشوازیكردنی له شاندێكی فه‌ڕه‌نسی به سه‌رۆكایه‌تی (فره‌نسیس فیلۆن) سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی فه‌ڕه‌نسا و شاندێكی یاوه‌ری،كه له ژماره‌یه‌ك سێناتۆر و په‌رله‌مانتار و تیمێكی رۆژنامه‌وانی پێكهاتبوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی شه‌ڕی داعش و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوچه‌كه به گشتی گفتوگۆیان كردووه.
له دیدارێكدا، كه(ئالن گۆپێرتێ) كونسوڵی گشتی فه‌ڕه‌نسا له هه‌ولێر ئاماده‌یبوو، فره‌نسیس فیلۆن باسی له سه‌ردانیكردنی شانده‌كه بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگی كرد به مه‌به‌ستی له نزیكه‌وه ئاگادار بوون له بارودۆخی مه‌یدانی و رایگه‌یاند، فه‌ڕه‌نسا له پشتیوانی و هاوكاریكردنی زیاتری هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.
ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان باسی له بارودۆخی مه‌یدانی به‌ره‌كانی جه‌نگ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوچه‌كه كردووه و رایگه‌یاند، كاتێك له وڵاتێكدا هاووڵاتیان له‌سه‌ر ناو و ناسنامه‌دا بكوژرێن، به یه‌كگرتوو مانه‌وه‌ی وڵات هیچ مانایه‌كی نییه. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه باسی له پرۆسه‌ی ریفراندۆمی كوردستان كردووه بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك خۆیان بڕیار له چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا شاندی فه‌ڕه‌نسا، وێڕای ستایشكردنی هه‌رێمی كوردستان له حه‌وانه‌ی ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره و لێقه‌ماوانی رووداوه‌كان له ناوچه‌كانی عێراق، ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، كه وه‌ك ئه‌وروپیه‌كان له‌ڕووی مێژووییه‌وه به‌رامبه‌ر كورد و كوردستان هه‌ست به تاوان ده‌كه‌ن و ئاواته‌خوازن له داهاتوویه‌كی نزیكدا قه‌ره‌بۆی ئه‌و چه‌وتییه مێژووییانه بكرێته‌وه.

