وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق تاوتوێ کرا

"هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا"

پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
پێشمه‌رگه‌ی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، فەریق جەمال محەمەد سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت، پێشوازیان لە کۆڵۆنێڵ دۆگلاس، راوێژکاری باڵای هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە هەرێم و شاندێکی یاوەری کرد.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە سەر جێبەجێکردن و بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسەیە، کە بەیارمەتی وڵاتانی هاوپەیمان و پاڵپشتی تەواوی حکومەتی هەرێم، ئه‌نجام ده‌درێت.

روونیكرده‌وه‌، باس لە بەرەو پێشبردن و گرنگیدانی زیاتری په‌یوه‌ندی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هاوپەیمانان کرا، هەردوولا جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ ‌شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر کردەوە.

جه‌ختیكرده‌وه‌، پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق تاوتوێ کرا، لە سەر چۆنیەتی دروست کردن و جێگیرکردنی ئەو دوو لیوا هاوبەشە، کە بڕیاری لەسەر دراوە، گفتوگۆ كرا، كه‌ ئەرکیان پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ئەو شوێنانەیە، کە دەکەونە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و راوێژكارانی ئه‌مه‌ریكا
لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و راوێژكارانی ئه‌مه‌ریكا