جله‌كه‌ی پاپا دزرا
خوێن به جله‌كانیه‌وه بووه
K24 – هه‌ولێر
پۆلیسی ئه‌ڵمانی ڕایگه‌یاند" جله‌كه‌ی پاپا یوحه‌ننا پۆڵسی دووه‌م كه په‌ڵه خوێنێكی پێوه بووه له‌ناو كاتدرائی كۆلۆنیا دزراوه.
ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز له زاری پۆلیسی ناوچه‌كه‌ی گواستوه‌ته‌وه یه‌كێك له سه‌ردانیكه‌ران به‌وه‌ی زانیوه كه جله‌كه‌ی پاپا له شوێنی خۆی نه‌ماوه و دزراوه، بۆیه یه‌كسه‌ر به‌رپرسانی ئاگاداركردووه‌ته‌وه.
جله‌كه له‌ناو سندوقێكی شوشه‌دا له ژێر بنكه‌ی په‌یكه‌رێكی پاپا یوحه‌ننا پۆلسی دووه‌م ده‌پارێزرا كه له‌ساڵی 1978 وه تا كۆچی دوایی له ساڵی 2005 ڕێبه‌رایه‌تی كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی ده‌كرد.
له‌وباره‌وه پۆلیس ڕایگه‌یاندووه شه‌وی شه‌ممه له‌سه‌ر یه‌ك شه‌ممه، په‌یكه‌ره‌كه جوڵاوه و سندوقه‌كه نه‌ماوه.
له‌لای خۆشیه‌وه سه‌رۆكی كه‌نیسه‌كه " جیر باچنه‌ر به پۆلیسی گوتووه، جله‌كه له ڕووی مادییه‌وه نرخێكی ئه‌وتۆی نه‌ده‌كرد، به‌ڵام له‌ڕووی ڕۆحیه‌وه به‌هایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه و داوایكردووه دزه‌كه بیگه‌ڕینێته‌وه جێگه‌ی خۆی.