هه‌ڵبژارده‌ی عێراق هانای بۆ یاریزانێكی دیكه‌ی كورد ده‌بات
ژماره‌ی یاریزانه كورده‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق گه‌یشته 7 یاریزان
بڕوا نوری، یاریزانێكی كورده له خولی نایابی تۆپی پێی سوید یاری بۆ یانه‌ی ئۆسته‌رساندسی ئه‌و وڵاته ده‌كات، پێشتریش بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی سوێد كراوه، له ئێستادا ئه‌و یاریزانه بڕیاری پۆشینی درێسی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی داوه.
عه‌لی شاهین، به‌رێوه‌به‌ری یاریزانه پیشه‌گه‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به كوردستان24ـی راگه‌یاند كه ئه‌مڕۆ رازی شنێشل، راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عێراق په‌یوه‌ندی پێوه كردووه تا بروا نوری په‌یوه‌ندی مه‌شق و راهێنانه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بكات كه بڕیاره له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه هه‌ڵبژارده‌كه به مه‌به‌ستی یارییه‌كانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2018ـی رووسیا كه‌مپێكی مه‌شق و راهێنان له هه‌ولێری پایته‌خت بكاته‌وه، ئه‌ویش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر یاریكردن بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ده‌ربڕیوه.
بڕوا نوری ته‌مه‌ن 29 ساڵ، خه‌ڵكی شاری سلێمانییه و له دوای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی به‌ره‌و ئه‌ورووپا كۆچیان كرد و له وڵاتی سوید نیشته‌جێ بوون، سه‌ره‌تا په‌یوه‌ندی به په‌یمانگه‌ی (ئا‌یك فوتبۆڵی) كرد، دواتر به‌شێوه‌ی خواستن وه‌ك یاریزانێكی ناوه‌ڕاستكار یاریی بۆ یانه‌ی (ئه‌تڤیدابێرگه‌رس)ـی سویدی كرد، له نێوان ساڵانی 2009 ـ 2014 یاریی بۆ یانه‌ی داڵكورد كرد، ماوه‌ی 2 ساڵیشه یاریی بۆ یانه‌ی ئۆسته‌رساندسی سویدی ده‌كات و یه‌كێكه له دیارترین یاریزانه‌كانی ئه‌و یانه‌یه.
له ئێستادا ژماره‌ی یاریزانه كورده‌كانی پێكهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عێراق گه‌یشته 7 یاریزان، كه پێكهاتوون له (میران خه‌سرۆ، به‌یار ئه‌بوبه‌كر، دلێر حاته‌م) كه له خولی كوردستان یاریی ده‌كه‌ن، (شوان جه‌لال، ئالان میحیه‌دین، رێبین ئه‌سعه‌د) له خوله‌كانی ئه‌ورووپا یاریی ده‌كه‌ن.
