په‌رله‌مانتارێك: هه‌ڵاتووه‌كانى فه‌لوجه‌ له‌ لايه‌ن حه‌شده‌وه‌ بێسه‌روشوێن ده‌كرێن

هێزەکانی پێشمەرگە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن ناوچەکەیان لە نزيكەی 900 بۆمب پاكکردووەتەوە.

K24 – هه‌ولێر:

پێشێلکاری زۆری چەكدارانی شیعە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی پشێوییەكی گەورە، بەهۆی ئەوەی بە گیانی تۆڵەسەندنەوە رەفتار لەگەڵ هاووڵاتییە سوننەکاندا دەكەن لەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵیان دەکەنەوە.

بۆردوومانی هەڕەمەکی، گرتن و شوێن بزرکردن، ئازاردان و سزادان، سەربڕین و کوشتن و سوتاندن، دەستدرێژی سێکسی، تەقاندنەوەی مزگەوت و ماڵ و سوتاندنی کێڵگە و رەز و باخەکان هەموو ئەمانە بەگوێرەی رێکخراوی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئازادی عێڕاق و بەشێک لەسەرچاوە میدیاییەکان، حەشدی شەعبی لە دژی سوننەکان ئەنجامی دەدات.

بوونی فەرماندە سەربازییەکانی سوپای پاسداران، بە تایبەت قاسم سولێمانی و چەکدارانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێن لە شەڕی کۆنتڕۆڵ کردنەوەی فەللوجە و پێشتریش چەند ناوچەیەکی دیکە، ترس و بیمی زۆری لای هاوڵاتیانی عەرەبی سوننە دروست کردووە، بە جۆرێک کە داعش سوودی لەمە بینیوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت نوسیوویەتی: هەشتا راوێژکاری سەربازی ئێرانی ئەرکیان پاڵپشتیکردنی پێنج گرووپی چەکداری سەر بە حەشدی شەعبییە لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارۆچکەی فەللوجە، کە رێکخراوی بەدر و سەرایای عاشووراش لە نێویاندایە.

پەرلەمانتارێکی عێراقیش کە نوێنەری پارێزگای ئەنبارە دەڵێت، زۆربەی هەڵاتووانی بندەستی چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی فەللوجە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە بێ سەر و شوێن کراون و تا ئیستا چارەنووسی حەفتا و سێ پیاو و گەنجی فەللوجە دیار نییە، دوای ئەوەی لە لایەن حەشدی شەعبییەوە دەستگیرکران.

وەک باڵیۆزی سعودیە لە بەغدا دەڵێت:" ئێران تەنیا مەبەستی سوتاندنی عێراق و بە ئامانج گرتنی سوننەکانە، هەرچەندە بڕواشی بە عەرەبی شیعەی عێراق نیە".

رۆژنامەی واشنتن پۆستیش لەم بارەوە لە راپۆرتە هەواڵێکی شیکاریدا نوسیوویەتی:"چەكدارانی شیعە بەوە ناسراون ڕۆحی تۆڵەسەندنەوەیان هەیە بەرانبەر سوننەكان‌و چەندین ڕەفتاری نابەجێیان لە دژیان ئەنجامداوە".

هەروەها رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیش لەماوەی رابردوودا ئەو چەكدارانەیان بە رفاندن و  ونكردنی سەدان عێراقیی سوننەو لەسێدارەدان‌و دەستگیركردن ‌و ئازاردانیان تۆمەتباركردووە.

پێشتر، حەیدەر عەبادی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان، دانی نا بە بوونی پێشێلکاری لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی دژی هاوڵاتیانی سەقڵاویەو دەورووبەری فەللوجە.