به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ئێزدییان بان كی مون ره‌خنه‌باران ده‌كات
"ئێزدییه‌كان له قوربانییه‌وه كران به جه‌لاد"
K24 - هه‌ولێر:
خه‌یری بووزانی، به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ئێزدییان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له نامه‌یه‌كدا، ره‌خنه‌ی توند له له سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌گرێت و داوای روونكردنهوهشی لێده‌كات.
دوای ئه‌وه‌ی بان كی موون، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له لێدوانكدا رایگه‌یاندبوو "..كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدییه‌كان له عێراق 45 ملیۆن دۆلاری وه‌كو فدیه به رێكخراوی داعش داوه بۆ رزگاركردن كچان و ژنانی ئێزدی، كه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی رێكخراوه له 2014 رفێندراون"، له باره‌ی ئه‌و لێدوانه‌وه داوای روونكردنه‌وه‌ی لێده‌كات.
خه‌یری بووزانی له به‌شێك له نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "سوپاس بۆ باری! دواجار ئێزدییهكانت بیركه‌وته‌وه و ئاماژه‌ت به ناوه‌كانییان كرد به‌ڵام چۆن؟! پێت ده‌ڵێین له‌سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان به فه‌رمی و نیمچه فه‌رمی و میللیه‌وه، داوامان لێ‌كردن و لێتان پاڕاینه‌وه به‌هانامانه‌وه بێن له به‌رامبه‌ر به‌و تاوانانه‌ی كه به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدییانه‌وه له سه‌ربڕین و بردن و به سه‌بی كردنه‌وه ئه‌نجام دراوه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "نیگه‌رانییه‌كانت له به‌رامبه‌ر پێكهاته‌كان؟ ئێوه ده‌زانن كه رێكخراوی تیرۆریستی داعش زیاتر له 6389 كچ و ژنی ئێزدی به سه‌بی كردووه و تا ئێستاش زیاتر له 3797 ژن و پیاوی ئێزدی، له‌ژێر ده‌ستی داعشدا ماون، به‌ڵام ئێوه تا ئێستاش ئاوڕێكتان له‌و پێكهاته‌یه نه‌داوه‌ته‌وه و به‌رامبه‌ر به هه‌تكردنی ژنانی ئێدزی و ده‌ستدرێژی سه‌ر منداڵان هیچ هه‌ڵوێستێكتان نه‌بووه".
بووزانی ره‌خنه‌ی توند بان كی مون ده‌گرێت و ده‌ڵێت: "له لێدوانه‌كه‌ت ئێزدییهكانت له قوربانییه‌وه كرده جه‌لاد ".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئێوه ده‌ڵێن ئێزدییه‌كان 45 ملیۆن دۆلارییان داوه‌ته داعش بۆ ئازادكردنی ژن و كچان، له‌م روانگه‌یه‌وه واتا ئێزدییه‌كان بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی دارایی رێكخراوی داعش".
ده‌شڵێت: "دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، كاتی په‌لاماردانی ناوچه ئێزدییه‌كان، ئه‌وه‌ی توانی خۆی رزگاركرد به ته‌نها، نه‌ك سه‌روه‌ت و سامان، ئێستا ئه‌وان له كامپه‌كانی په‌نابه‌ران ده‌ژین".
گوتیشی: "ئه‌و تۆمه‌تانه تووشی سه‌رسوڕمانمان ده‌كات، به‌تایبه‌تیش كاتێك ئه‌و لێدوانانه له‌لایه‌ن كه‌سێك بێت كه سكرتێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بێت".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پێویسته داوابكه‌ن بۆمان روونبكاته‌وه كه: چۆن؟ كهیی؟ كێ ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌رگرتووه؟ له كێی وه‌رگرتووه؟ میكانیزمی سه‌رفكردنه‌كه چۆنبووه؟ به‌پێچه‌وانه‌وه لێدوانه‌كه‌ی بان كی مون به تۆمه‌ت داده‌نێین بۆ ئێزدییه‌كان".
به‌رپرسی كاروباری ئێزدییان، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌وان هیچ پاڵپشتییه‌كی داراییان له هیچ لایه‌نێك وه‌رنه‌گرتووه و ده‌ڵێت: "لێره‌دا ئێمه له نووسینگه‌ی رزگاركردنی ئێزدییه رفێندراوه‌كان، هیچ پاڵپشتییه‌كی مادی و مه‌عنه‌وی له‌هیچ كه‌س و حكوومه‌تێك وه‌رنه‌گرتووه، چ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی یان هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، جگه له هاوكاری دارایی له نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان".
له دواخاڵی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ئێزدییان ده‌ڵێت: "ئێمه لێره‌وه رایده‌گه‌یه‌نین و داوا ده‌كه‌ین له: نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له هه‌ولێر و هه‌موو نوێنه‌رایه‌تی و كۆنسوڵخانه‌كانی سه‌رجه‌م وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان، لێكۆڵینه‌وه له‌و بابه‌ته بكه‌ن و ئه‌و لایه‌نه ئاشكرا بكه‌ن كه ئه‌و بڕه پارانه‌ی وه‌رگرتووه و له چ ده‌وڵه‌تێك وه‌ریگرتوه و چۆنیش سه‌رفكراوه؟ هه‌روه‌ها داواش له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون له راستی لێدوانه‌كه و ژماره‌كه‌ش بكات".