لە 2027 عێراق کۆتایی بە سوتاندنی گازی سروشتی دەهێنێت
بەغدا داوا لە کۆمپانیای نەوتییە جیهانییەکان دەکات هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی سوود لە گازی هاوتای نەوت وەربگرن
K24 - ههولێر:
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027 کۆتایی بە سوتاندنی گازی سرووشتی دەهێنن، بۆ ئەو مەبەستەش بەغدا داوا لە کۆمپانیای نەوتییە جیهانییەکان دەکات هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی سوود لە گازی هاوتای نەوت وەربگرن.
عەلی حەمود، بەڕێوەبەری گشتی هونەری لە وەزارەتی نەوت، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئای بی بی سی لە دوبەی رایگەیاند، گەشبینن کە سوتاندنی گازی هاوتای نەوت لە 2026 بۆ 2027 کۆتایی پێ دەهێنن، روونیشیکردەوە، عێراق نزیکەی سەدا 45ـی بەرهەمی گازی هاوتای نەوت دەسوتێنێت، کە دەکاتە 2 ملیار و 800 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە.
گوتیشی: پێویستە ئەو پڕۆژانەی ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت و پەرەیان پێ دەدرێت، کار بۆ کەمکردنەوەی سووتاندنی گازی سروشتی بکەن.
ئەمە له کاتێکدایە عێراق دووەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان لە دوای رووسیا بۆ سوتاندنی گازی سرووشتی، بە گوێرەی داتاکانی بانکی جیهانی لە ساڵی 2020 نزیکەی 17 ملیار و 370 ملیۆن مەتر سێجا گازی سوتاندووە.