بلاك فڕایدهی چییه؟
دهزانی له چییهوه هاتووه؟
K24 - ههولێر:
ساڵانە دوای جەژنی سوپاسگوزاری، بلاك فڕایدەی لە جیهان بەڕێوەدەچێت، کۆمپانیا و فرۆشگا گەورەکان داشکاندن لەسەر بەرهەمەکانیان دەکەن و کڕیارانیش خۆیان بۆ ئەو رۆژە ئامادە دەکەن. شارەزایانی ئابووریش ئامۆژگاری کڕیاران دەکەن، کە خۆیان بپارێزن و دەروونی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن، نەکەونە ژێر کاریگەری گوشارەکان، ئەگینا خەرجییەکانیان زیاتر دەبێت.
هەموو ساڵێک کۆتا هەینی مانگی (تشرینی دووەم/ نۆڤهمبهر) گەورەترین دیاردەی ئابووری لە جیهان روودەدات، کە سەرجەم میدیا و بە تایبەت ئاژانسە ئابوورییەکان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات.
هەینی رەش یان بلاك فڕایدەی، بۆ ئەمساڵ دەکەوێتە 26ـی مانگ، جیهان بە گشتی و ئەمهریکییەکان بە تایبەت خۆیان بۆ بازاڕکردنی ئەم رۆژە ئامادە دەکەن، کۆمپانیا و فرۆشگاکانیش داشکانی سەرنجڕاکێش بۆ کڕیارەکانیان رادەگەیەنن. هەروەها لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بەرەوپێشچوونی بازاڕی ئەلیکترۆنی، ماڵپەڕەکانی تایبەت بە فرۆشتن ئەم رۆژە بۆ کێشکردنی کڕیاران دەقۆزنەوە.
لە هەمان کاتدا شارەزایان هۆشداری بەبازاڕکردنی ئەو جۆرە رۆژانە و بەتایبەتی بلاک فڕایدەی دەدەن، دەڵێن کڕیار لەو رۆژەدا نازانێ چ کاڵایەکی پێویستە، تەنیا داشکانەکان دەبینێت، ئەوەش وادەکات کاڵایەک بکڕێت کە سوودی بۆ ئەو نییە و خەرجی زیادە بکات.
مێژووی بلاك فڕایدهی
مێژووی بلاك فڕایدهی گرێدراوی قەیرانی ئابووری و دارایی ساڵی 1869ـی ئەمهریکایە، کاتێک دوو سەرمایەداری ئەمهریکی هەوڵیاندا بازاڕی زێڕ لە بۆرسەی نیویۆرك بۆ زێڕ قۆرخ بکەن و زۆرترین بڕی زێڕ بکڕن، کە ئامانجیان لەو هەوڵە بەرزکردنەوەی نرخی ئەو کانزا زەردە بوو بۆ بەرزترین ئاست، بەڵام یۆلیۆس گرانت 18ـەمین سەرۆکی ئەمهریکا بەو پلانەی زانی و شکستی پێ هێنان، بەو هۆیەوە بازاڕی پشکەکان بە خێرایی داڕما و هەزاران ئەمهریکی مایەپووچ بوون.
دوای ئەوە سیستی رووی لە بازاڕەکانی ئەمهریکا کرد و پرۆسەی کڕین و فرۆشتن پەکیان کەوت، بۆیە دەوڵەت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جووڵەی بازاڕ دروستبێتەوە داشکانی گەورە بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکان کرد، ئەو داشکانەش وەک نەریتێکی لێهات و گەورە فرۆشگاکان لە سەر لە بەیانی زووەوە دەستیان بە کاردەکرد و کڕیارانیش نۆرهی درێژیان دەگرت تاوەکو ئەو کاڵایانەی داشکانیان لەسەرە بیانکڕن.
رۆژی فلاك فرایدهی دەکەوێتە دواهەمین هەینی مانگی تشرینی دووەم لە هەموو ساڵێکدا، کە راستەوخۆ دوای جەژنی سوپاسگوزاری دێت، ئامادەکارییەکەش بۆ کڕینی دیاری بۆ جەژنی سەری ساڵه.
نازناوی بلاك فرایدهی بۆ سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک پۆلیسی شاری فێلادیلفیای ئەمهریکی وشەی هەینی رەشیان وەک گوزارشتێک بۆ قەرەباڵخی و ئاستەنگی هاتووچۆ بەکارهێنا، کە بەهۆی پشوو و جەژنەکان و داشکانی نرخی کاڵاکان خەڵک لە بەردەم فرۆشگاکان نۆرەیان دەگرت و کۆنترۆڵی دۆخەکە سەخت بوو.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ناوەکەی، بەڵام هەندێک وڵات ناوەکەیان بۆ هەینی سپی گۆڕیووە، یەکەم وڵاتیش وشەی هەینی سپی بەکارهێنا، سعودیە بوو، کە کۆمپانیاکانی وڵاتەکە پێیان وایە رەش گوزارشت لە بێ ئومێدی و غەمباری دەکات و لەگەڵ رۆژی هەینی یەک ناگرێتەوە.