خەزعەلی: تۆمەتبارکردنی گرووپەکانى بەرگرى، یاریکردنە بە ئاگر
"هیچ چەکدارێک ناپارێزم دەستی لە هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی هەبێت"

K24 - هەولێر
ئەمینداری میلیشیای عەسائیب ئەهلولحەق، لەسەر تۆمەتبارکردنی چەکدارانی گرووپەکەی بە هەوڵی تیرۆرکردنی مەستەفا کازمی هاتە دەنگ و دەڵێ "هیچ چەکدارێک ناپارێزم دەستی لە هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی هەبێت، تۆمەتبارکردنی گرووپەکانی بەرگری یاریکردنە بە ئاگر".
قەیس خەزعەلى، ئەمینداری میلیشیای عەسائیب ئەهلولحەق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیچ چەکدارێکی گرووپەکەی ناپارێزێت، ئەگەر دەستی لە هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەبووبێت، بەڵام هەوڵدان بۆ بەبێ بەڵگە تۆمەتبارکردنى گرووپەکانى بەرگرى، یاریکردنە بە ئاگر و راکێشانى وڵاتە بۆ ئاژاوە و قەیران.
ئەمە لە کاتێکدایە سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە ئاژانسی روسیالیوم-ی رایگەیاندووە، بڕیارە حکومەتی عێراق هەندێک وردەکاری لەبارەی هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆک وەزیران ئاشکرابکات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی عێراق لەسەر رووداوی هێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا کازمی هەڵوێستی نوێی دەبێت.
لە 7/11/2021، لەرێگەی سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، هێرشکرایە سەر شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا و ژمارەیەک لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.