وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان24: چاوەڕێین زەیدی لێپرسینەوە لە گرووپەچەکدارەکان بکات
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 جەختی لە پێویستیی بە بەرپرسیارزانینی ئەو گرووپەچەکدارە عێراقییانە کردەوە، بەهۆی ئەو توندوتیژی و ناسەقامگیرییەی لە عێراق و ناوچەکەدا دروستی دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، تۆمی پیگۆت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمریکا چاوەڕوانی لە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی هەیە گرووپە عێراقییەکان بە بەرپرسیار بزانێت بەرامبەر تێوەگلانیان لە توندوتیژی و تێکدانی سەقامگیری لە سەرانسەری عێراق و تەواوی ناوچەکەدا."
هاوکات ئەو گوتەبێژە تیشکی خستە سەر زیانەکانی ئەو گرووپانە بۆ سەر سەروەری و دۆخی ئابووریی عێراق و گوتی: "ئەو گرووپەچەکدارانە بە بەردەوامی سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن، ئابووریی وڵاتەکە لاواز دەکەن و سەرچاوەکانی لە رێگەی دەستدرێژی بۆ سەر ماڵی گشتی و گەندەڵییەوە دەدزن، بەو ئامانجەی سوود بە خۆیان و رژێمی تاران بگەیێنن."