بان كى مون: ترسى داعش له‌ناو نه‌چووه‌

تا ئێستا تەواوی جیھان لە دەست ھەڕەشەی داعش دەربازی نەبووە و ھێشتا ترسی ئەو گرووپە توندڕەوە بەسەر جیھانەوە ماوە.

K24 – هه‌ولێر:

سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ھۆشداری دەدات کە تا ئێستا تەواوی جیھان لە دەست ھەڕەشەی داعش دەربازی نەبووە و ھێشتا ترسی ئەو گرووپە توندڕەوە بەسەر جیھانەوە ماوە.

بان کی مون، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتى: سەرەڕای ئەوەی لەماوەی رابردوودا، ھێزەکان لە عێراق و سووریا توانیویانە پاشەکشە بە چەکدارانی داعش بکەن، بەڵام ھێشتا ئەگەری ئەنجامدانی ھێرشی تیرۆریستی لە لایەن ئەو گرووپە توندڕەوە لەسەر تەواوی جیھان ماوە و لەناونەبراوە.

بان کی مون ئەوەشی ئاشکراکرد، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، نزیکەی 38 ھەزار کەس لە تەواوی جیھانەوە ویستویانە بچنە نێو ریزەکانی داعش لە عێراق و سووریا، بەڵام لەماوەی 12 مانگی رابردوودا بەھۆی گرتنەبەری رێوشوێنی توند لە لایەن وڵاتانەوە، رێژەی رۆیشتنی ئەندامانی نوێ بۆ ناو داعش کەمیکردووە.