به فهرمی باشترینهكانی وهرزی رابردووی لالیگا خهڵات كران
لە بارەگای رۆژنامەی مارکای وەرزشی و لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، شەست و هەشتەمین مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی وەرزی رابردووی لالیگا بەڕێوەچوو و ئاتڵێتیکۆ مەدرید سێ خەڵاتی بەدەستهێنا و ریال مەدریدیش هیچ دەستکەوتێکی نەبوو.
لویس سوارێز یاریزانی ئۆروگوایی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کە وەرزی رابردوو توانی لەگەڵ یانەکەی ناسناوی لالیگا بەدەست بێنێت، وەکو باشترین یاریزانی خولەکە دەست نیشانکرا و خەڵاتی دی ئیستیفانۆی بەدەستهێنا. ئەو یاریزانە وەرزی رابردوو توانی 21 گۆڵ بۆ یانەکەی بکات.
دیێگۆ سیمیۆنێ راهێنەرەکەی رۆخێ بلانکۆسیش دوای ئەوەی توانی پاش شەش وەرز یانەکەی بکاتە پاڵەوانی لالیگا، وەکو باشترین راهێنەری وەرزی رابردوو دەستنیشانکرا و خەڵاتی میگێل مونیۆزی بەدەستهێنا. ئەو راهێنەرە ئارجێنتیناییە بۆ جاری یەکەم لەگەڵ یانەکەی بووە پاڵەوانی لالیگا.
سێیەم خەڵاتی باشترینەکانی وەرزی رابردووی لالیگاش بووە بەشی یان ئۆبلاک گۆڵپارێزەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئەو گۆڵپارێزە توانی 18 کلین شیت تۆمار بکات و بۆ جاری پێنجەم خەڵاتی زامۆرای بەدەستهێنا. ئۆبلاک وەرزی رابردوو کەمترین گۆڵیشی لێکرا کە 25 گۆڵ بوون.
لیۆنێل مێسی یاریزانی وەرزی رابردووی بارسێلۆنا،بۆ جاری هەشتەم توانی خەڵاتی پیچیچی وەکو گۆڵکاری لالیگا بەدەست بێنێت، لیۆ وەرزی رابردوو توانی 30 گۆڵ بۆ یانەکەی پێشووی بکات. لیۆ دوو خەڵاتی بەدەستهێنا، خەڵاتی دووەمی وەکو باشترین یاریزانی خولەکە کە لەلایەن هاندەرانەوە دەستنیشانکرابوو.
جێرارد مۆرێنۆ گۆڵکارەکەی یانەی ڤیاریالیش خەڵاتی باشترین گۆڵکاری بەدەستهێنا، ئەو یاریزانە وەرزی رابردوو توانی 23 گۆڵ بۆ یانەکەی بکات و، لە دوای مێسی پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
فران تۆرێس هێرشبەرە لاوەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیاش خەڵاتی باشترین یاریزانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەدەستهێنا. ئەو یاریزانە لاوە بۆ جاری یەکەم توانی ئەم خەڵاتە بەدەست بێنیت.