كێشه‌ی زه‌وی و زاری كریستیانه‌كان له هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن
بۆ له‌مه‌ودوا له هه‌ر ناوچه‌یه‌ك زۆرینه‌ی دانیشتووانی كریستیان بێت رێگه نادرێت كه‌سێكی دیكه كه له‌و پێكهاته‌یه نه‌بێت مامه‌ڵه به زه‌وی و زاره‌كانیانه‌وه بكات
K24- هه‌ولێر:
لیژنەی باڵای چارەسەركردنى کێشەی زەویوزاری کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان، كه له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێكهێنراوه و زیاتر لە 5 مانگە بە دواداچوون و سکاڵا وەردەگرێت، بۆ ئەوەی ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە، هه‌وڵ ده‌دات له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكات، كه په‌یوه‌ندییان به موڵكایه‌تی و زه‌ویوزاری كریستیانه‌كانه‌وه هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان.
له‌وباره‌یه‌وه رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بەشێکی زۆری ئەو کێشانە بۆ سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق و ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو دەگەڕێنەوە و گوتیشی: له كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌دا یەکێك لە بڕیارە گرنگەکان ئەوە بوو، بۆ لەمەو دوا هەر شوێنێك زۆرینه‌ی دانیشتوانی کریستیان بێت، رێگە نادرێت کەسێك کە لەو پێکهاتەیە نەبێت مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە زەویەکانیانه‌وه بکات.
له‌كاتێكیشدا لیژنه‌كه له وه‌رگرتنی سكاڵا به‌رده‌وامه و داواش له كریستیانه‌كان ده‌كات له پێشكه‌شكردنی سكاڵاكانیان به‌رده‌وام بن، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێن، به گوته‌ی رامی نوری، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی عه‌نكاوه، تا ئێستا له سنووری ناحیه‌كه‌یان زیاتر له 100 سكاڵا تۆماركراون، بڕیاریشه له 15ی 1ی 2022، دوا بڕیار له‌سه‌ر كێشه‌ی زه‌ویوزاری كریستیانه‌كان بدرێت و ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكرێت.
ئێستا لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بەهۆی دەستدرێژی و داگیرکردنی زەوی کریستیانەکان، کە بەشێکیان مێژووەکەیان بۆ سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق دەگەڕێتەوە، گرفت لە بەردەم بەشێك لە کریستیانەکان هەیە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە بڕیارە بەم نزیکانە بە یەکجاری کێشەی زەوی کریستیانەکان چارەسەر بکرێت.
له به‌یاننامه‌یه‌كیشدا دوای كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زه‌ویوزاری كریستیانه‌كان، پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئەمڕۆ، سێشەممە 2021/11/30، بەسەرپەرشتى رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و فەرسەت ئەحمەد، وەزیرى داد و ئانۆجەوهەر، وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون لە ئەنجومەنی وەزیران و بریکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و هێمن قادر، جێگرى پارێزگارى هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیداری سۆران و رامی نوری عودیش، بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوا، لەدیوانى وەزارەتى ناوخۆ، سەبارەت بە کێشەی زەویوزاری پێکهاتەی کریستیان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، دواى کۆبوونەوەکە، رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانىدا رایگەیاند: ''ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە زەویوزاری خوشك و برا کریستیانەکان لەگەڵ پارێزگاری هەولیر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزا و ناحیەکانی پەیوەست بەو بابەتەوە کۆ بووەوە و بە ئامادەبوونی چەند وەزیرێك کە پەیوەستن بە بڕیاری 83، جه‌خت له‌وه کرایەوە کە پێویستە بڕیارەکە وەك خۆی جێبەجێ بکرێت و پێداچوونەوەمان بە هەنگاوەکانی بڕیارەکەدا کردووه''.
دوێنێش له لێدوانێكی تایبه‌تدا ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به كوردستان24ی راگه‌یاند، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گفتوگۆیان له‌باره‌ی دۆزینه‌وه و ده‌ستنیشانكردنی میكانیزمه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زه‌ویوزاری كریستیانه‌كان كردووه.
H.B