پۆڵ بریمه‌ر باسی خواردنی كوردان ده‌كات
بریمه‌ر هه‌ندێك وێستگه‌ی كاره‌كانی له عێراق باس ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
پۆڵ بریمه‌ر، حاكمی مه‌ده‌نی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له دوای 2003، له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تی كه‌ناڵی ئێم بی سی، باس له هه‌ندێك وێستگه‌ی كاره‌كانی له عێراق ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆم گرنگ نییه عێراقییه‌كان منیان خۆش بوێت یان نا.
له وه‌ڵامی پرسیاری مالیك ره‌وقی، ئاماده‌كار و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه، بریمه‌ر ده‌ڵێت: "هیچ چه‌كێكی كۆكوژمان نه‌دۆزییه‌وه، له راستیدا نازانم له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌و چه‌كانه هه‌بوون یان نا".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، كه بۆی گرنگ نه‌بووه عێراقییه‌كان خۆشیان بوێت یان نا، چونكه ئه‌و بۆ ئه‌ركێكی دیكه‌ی سه‌ره‌كی چووه‌ته ئه‌وێ.
له باره‌ی پرسیارێكیشدا كه ئایا ئه‌گه‌ر بریمه‌ر عێراقی بووایه و سوپایه‌كی داگیركه‌ر هاتبا سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، دژی ئه‌و سوپایه ده‌وه‌ستایه‌وه؟ بریمه‌ر ده‌ڵێت: "ئه‌و كاته ده‌كه‌وێته سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی سوپاكه، ئه‌و كاته‌ی چووینه عێراق ده‌مانویست ئه‌وه بكه‌ین، كه بۆ عێراقییه‌كان باشه".
له وه‌ڵامی پرسیاری پێشكه‌شكاره‌كه‌شدا، له باره‌ی ده‌ستنیشانكردنی باشترین كه‌س له عێراق كه كاری له‌گه‌ڵ كردبێت، بریمه‌ر ده‌ڵێت: "ئه‌وه ئه‌سته‌مه بتوانم ده‌ستنیشان بكه‌م، به‌ڵام خواردنی كوردیم زۆر پێ خۆش بوو".