ئەمریكا نیگەرانە لە پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی
"چەكدارانی حەشدی شەعبی تاوانیان دژی ھاووڵاتیانی فەللوجە ئەنجامداوە"
K24 - ھەولێر
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانە لە زیادبوونی راپۆرتەکان لەسەر پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی لە شارۆچکەی فەللوجە.
مارك تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیکردەوە، حکوومەتی عێراق بەڵێنیداوە لیژنەیەك پێك بهێنێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پێشێلکارییانە بکات کە لە دەوروبەری فەللوجە لەدژی هاووڵاتیان ئەنجامدەدرێن.
لەلایەکی دیکەوە، شێخەکانی عەشیرەتی محامیدە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە کە حکوومەتی عێراق بەشدارە لە ئەنجامدانی تاوانەکان لەدژی هاووڵاتیانی سڤیل لە سەقڵاوییە و فەللوجە و داوا دەکەن، ئەو تاوانانە بدرێنە دادگا نێودەوڵەتییەکان.