سالار عه‌زیز: كابینه‌ی نۆیه‌م باشتر و جدیتره
ئه‌وانه‌ی دژی ریفراندۆمن دژی كیانی خۆیانن و خۆیان سووك ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
سیاسه‌توان و یه‌كێك له هه‌ڵسوڕاوه سه‌ره‌كییه‌كانی پێشووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌ركرده‌ی پێشووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، سالار عه‌زیز، له هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبه‌تیدا له‌گه‌ڵ كوردستان24 رایگه‌یاند، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باشتر و جدیتره. له باره‌ی كێشه‌كانی ناو یه‌كێتیشه‌وه، گوتی: ئێستا یه‌كێتی كه‌وتووه‌ته‌وه سه‌ر راسته‌ڕێ، سه‌باره‌ت به ریفراندۆمیش گوتی: ئه‌وانه‌ی دژی ریفراندۆمن دژی كیانی خۆیانن و خۆیان سووك ده‌كه‌ن.
عێراق تاریكه
سالار عه‌زیز له باره‌ی ره‌وشی دوای هه‌ڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبه‌ری رابردووی عێراقه‌وه، گوتی: ره‌وشی عێراق به‌ره‌و خراپتر هه‌نگاو ده‌نێت. ئێستا له جاران خراپتره. عێراق له‌وه‌ته‌ی هه‌یه، هه‌ر له سه‌رده‌می سۆمه‌ری و بابلییه‌وه تا ده‌گاته ئه‌مه‌وی و عه‌باسی و تا سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن و به ئێستاشه‌وه سه‌قامگیری تێدا نه‌بووه.
گوتیشی: ئێستا له هه‌موو سه‌رده‌مێكی دیكه خراپتره، چونكه هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ لێكتێگه‌یشتن و گفتوگۆ نه‌ماوه‌ته‌وه. عێراق تاریكه و تا ده‌ورانێكی درێژ هیچ رووناكییه‌كی تێدا نابینرێت.
كورد چی بكات
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی كورد، سالار عه‌زیز پێی باشه كورد خۆی به هیچ لایه‌كدا ساغ نه‌كاته‌وه، چونكه هه‌مان ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئێستا هه‌ن، دژی كورد وه‌ستانه‌وه، كاتێك كورد پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتی بۆ ده‌ستنیشانكردنی چاره‌نووسی خۆی ئه‌نجامدا و ریفراندۆمی كرد.
گوتیشی: كورد پێویسته به یه‌ك ده‌نگ بچێته به‌غدا، وه‌ك چۆن سه‌رده‌می ئه‌یلوول كورد به یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ره‌نگ ده‌چووه به‌غدا و داوای مافه‌كانی خۆی ده‌كرد. كاتێك هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه بن، دانووستان ئاسانتر و به‌رهه‌مدارتر ده‌بێت.
هه‌ڵه‌ی كورد
سالار عه‌زیز رای وایه له 2003دا دوای ئه‌وه‌ی به‌عس رووخا، هێزه كوردییه‌كان هه‌ڵه‌یان كرد، كه چوونه به‌غدا و هه‌وڵی درووستكردنه‌وه‌ی عێراقیان دا.
له‌و باره‌یه‌وه گوتی: جارێكیان به مام جه‌لالم وت، هه‌ڵه‌یه ئێمه بچین ئه‌و عێراقه درووست بكه‌ینه‌وه، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌هێز بێته‌وه، به شمشێر و ئه‌ڵڵاهوئه‌كبه‌ر دێنه‌وه سه‌رمان.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و رۆژگاره سه‌ركردایه‌تی سیاسی به باشی تێگه‌یشتنی بۆ هه‌لومه‌رج و قۆناغه‌كه نه‌بوو، بۆیه باشتر بوو له بری چوونه‌وه به‌غدا و درووستكردنه‌وه‌ی عێراق ئێمه داوای ده‌سته‌به‌ری پاراستنمان له ئه‌مه‌ریكا كردبا و داوای گێڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كانمان كردبا.
"ده‌بێت به خۆماندا بچینه‌وه"
ئه‌و سه‌ركرده دێرینه‌ی پێشووی یه‌كێتی نیشتمانی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له درێژه‌ی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌دا باسی له‌وه كرد، كورد له رابردوودا هه‌ڵه‌ی زۆری كردووه و ئێستا كاتی به‌خۆداچوونه‌وه و وانه وه‌رگرتنه له هه‌ڵه‌كان.
له‌و باره‌یه‌وه گوتی: ئێمه له بری ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان بنیاتبنێین و ژیان درووست بكه‌ین، دژی یه‌ك وه‌ستاین. هه‌وڵێكیشمان دا و ریفراندۆممان كرد، به‌ڵام هه‌بوون دژی ریفراندۆم وه‌ستانه‌وه. ئێمه ریفراندۆممان ته‌نیا بۆ ئه‌وه كرد، به دنیا بڵێین، كه چیمان ده‌وێت، ئه‌گینا خۆمان ده‌زانین چیمان ده‌وێت.
گوتیشی: ئه‌وه‌ی یه‌ك تۆز هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌بێت، ئه‌وه‌ی به خۆیه‌وه بنازێت و شانازی به خۆیه‌وه بكات، شانازی به ده‌نگدان و ریفراندۆمه‌وه ده‌كات. چونكه ئه‌وه ریفراندۆمه كه‌رامه‌ت و شانازی ئێمه‌یه.
نه‌یارانی ریفراندۆم
له باره‌ی نه‌یارانی پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه، كه له 25ی ئه‌یلوولی 2017 به‌ڕێوه‌چوو، سالار عه‌زیز گوتی: ئێمه یه‌ك شتمان كرد، به دنیامان وت: سه‌ربه‌خۆییمان ده‌وێت. پێویسته ئێستاش ئیشی له‌سه‌ر بكه‌ین و لێی سارد نه‌بینه‌وه. ئه‌وه داهاتووی ئێمه‌یه و به‌ڵگه‌یه‌كی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه وه‌ك كارتێك به ده‌ستمانه‌وه بێت. ئێمه نابێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ دۆخی پێش ریفراندۆم، ئێستا چاره‌نووسی داواكراوی گه‌له‌كه‌مان دیاره.
گوتیشی: ئه‌وانه‌ی دژی ریفراندۆمن؛ دژی كیانی خۆیانن، دژی كه‌سایه‌تی خۆیانن، دژی كۆششی باو باپیریانن، به سووك سه‌یری خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌گینا خه‌ڵكی به كه‌رامه‌ت به سووك سه‌یری خۆی و مێژووی گه‌له‌كه‌ی ناكات.
هه‌روه‌ها گوتی: نه‌یارانی ریفراندۆم و هه‌موو ئه‌و حزب و كه‌س و لایه‌نانه‌ی دژی پرۆسه‌كه بوون رۆڵی خراپیان بینیوه، وانه‌گه‌لێكیان داداوه، كه داوای دوو هه‌رێمی، دوو نیشتمانی، دوو هه‌موو شتیی ده‌كه‌ن و هه‌موو كات له‌سه‌ر پێن بۆ شه‌ڕی ره‌خنه‌ی نالۆژیكی، بوختان و هاندانی گه‌نجان بۆ دژایه‌تیكردنی باوك و برا و خێزانی خۆی، ئه‌مانه وانه‌كانیانه بۆ كورد و خاوه‌نی قوتابخانه‌یه‌كن كه خه‌ڵكیان كردووه به گژ یه‌كدیدا.
ئه‌وه‌شی گوت: ئه‌وانه‌ی به‌شداریان له پرۆسه‌كه كرد شانازییان به‌رده‌كه‌وێت و سه‌ركردایه‌تی پرۆسه‌كه‌ش له هه‌مووان زیاتر سه‌روه‌ری به‌رده‌كه‌وێت، چونكه ریفراندۆم به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مه‌زنه و رۆژ له دوای رۆژیش زیاتر هه‌قیقه‌تی داخوازیی خه‌ڵكی كوردستان ده‌رده‌كه‌وێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێویسته كورد ئازایانه به‌رگری له‌و مافه‌ی بكات و هیچ كاتێك شه‌رم له ده‌نگهه‌ڵبڕینی نه‌كات و نه‌ترسێت له‌وه‌ی باسی مافی خۆی بكات، چونكه ئه‌گه‌ر بترسین، ده‌ستكه‌وتمان نابێت.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر خیانه‌ت و په‌لكهێشكردنی دوژمن نه‌بوایه و هه‌مووان یه‌ك ده‌ست و یه‌ك هه‌ڵوێست بووینایه و شه‌ڕمان كردبا، عێراق به‌رگه‌ی دوو رۆژ شه‌ڕی نه‌ده‌گرت و وڵاتان ده‌هاتن و ده‌ستوه‌ردانیان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ بوه‌ستێت.
دووپاتیشیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر ریفراندۆمیش نه‌كرابا؛ به‌غدا هه‌ر هه‌وڵی داگیركردنه‌وه‌ی ده‌دا و له‌شكری ده‌نارده سه‌ر كوردستان و ئابڵوقه‌ی ده‌داین.
"ده‌وڵه‌ت نه‌بین، هیچ نین"
سالار عه‌زیز جه‌خت ده‌كاته‌وه، كورد تا نه‌بێته ده‌وڵه‌ت نابێته هیچ و گوتی: ئێمه تا ده‌وڵه‌ت نه‌بین، هیچ نین. به‌ڵێ گه‌نده‌ڵی كراوه و نادادپه‌روه‌ری هه‌یه، سته‌مێكی زۆری ده‌روونی له‌سه‌ر خه‌ڵك درووست بووه، له ئه‌نجامی نادادپه‌روه‌رییه‌وه، به‌ڵام پاراستنی ئه‌م كیانه و تێكۆشان بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ركه.
ئۆپۆزیسیۆن
له باره‌ی بوونی ئۆپۆزیسیۆن له هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌و سه‌ركرده دێرینه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان گوتی: ئێمه به‌هێزترین حزبمان درووست كرد، كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، هه‌موو شتێكی هه‌بوو، توانایه‌كی فراوانی هه‌بوو، گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری پێ ده‌كرا، به‌ڵام نه‌یكرد.
گوتیشی: زمانێكی ناخۆشیان درووست كردووه له ناو خێزان و تاكی كورددا.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌زموون ده‌ریخستووه، له هه‌رێمی كوردستان دوو لایه‌ن جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته. هێزیان هه‌یه، ده‌توانن زیندانت بكه‌ن، مۆڵه‌تت لێ وه‌ربگرنه‌وه، نان بڕاوت بكه‌ن، خۆپیشاندان و درووشمی ناواقیعی و نا لۆژیكی زیانیان پتره له سوودیان، چونكه هیچ له واقیعه‌كه ناگۆڕن، بۆیه پێویسته ئێمه بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه چۆن ده‌توانین به‌یه‌كه‌وه بین و به هێمنی كار بۆ به‌دیهێنانی ئاشته‌وایی بكه‌ین.
رۆڵی خراپی حزبه‌كان
سالار عه‌زیز، ره‌خنه‌ی له سیاسه‌تی حزبه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گرت و گوتی: ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م حزبانه رۆڵیان هه‌بووه له تێكدانی كۆمه‌ڵگه و درووستكردنی رق، ئه‌وه‌نده خودی كۆمه‌ڵگه ئه‌و رۆڵه‌ی نه‌بووه. ئه‌وانه بۆ هه‌موو شتێك خه‌ڵك تووڕه ده‌كه‌ن، سبه‌ی له خۆی تووڕه ده‌بێت.
گۆڕانكارییه‌كانی یه‌كێتی
له باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی یه‌كێتییه‌وه، سالار عه‌زیز رای وایه، ئێستا یه‌كێتی كه‌وتووه‌ته سه‌ر رێگه راسته‌كه‌ی خۆی و گوتی: كاره‌ساته له ناو حزبێكدا كه‌شێكی وا درووست بكه‌یت، هه‌مووان بترسن له‌وه‌ی سوكایه‌تیان پێ بكرێت، من ده‌ترسم، هاوڕێكانم ده‌ترسن، هه‌ر 3 ئه‌ندام به‌یه‌كه‌وه قسه بكه‌ن، ده‌ترسن له‌وه‌ی نه‌كا هه‌ر یه‌كێكیان سه‌ر به لایه‌ك بێت. نه‌وێریت به ته‌له‌فۆن قسه بكه‌یت و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بیت.
گوتیشی: ئه‌و ترسه لای ئێمه هه‌بووه، كه ره‌گوڕیشه‌مان له ناو سیاسه‌تدا هه‌بووه و سه‌ركرده بووین و به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌مان هه‌بووه، رێچكه‌ی كه‌س نه‌مێنی و تۆ هه‌بیت، پێشبینی هه‌موو شتێكی خراپی لێ ده‌كرێت. هیوادارین ئه‌و شتانه دووباره نه‌بنه‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: میلله‌تی ئێمه نامه‌رد نه‌بووه و هیچ كاتێك كاری نامه‌ردی نه‌كردووه و په‌نای بۆ ژه‌هرخواردكردنی یه‌كدی نه‌بردووه. كاتی خۆی چیها قسه و ره‌خنه هه‌بووه به ئاماده‌گی مام جه‌لال كراون و كه‌س له گوڵ كاڵتری پێ نه‌وتراوه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار مام جه‌لال خۆی به پێكه‌نینه‌وه وتویه‌تی: فڵان ئه‌وه باسی من به خراپه ده‌كه‌یت، ئیدی كه‌س نه‌ترساوه له‌وه‌ی ژه‌هراوی بكرێت و له‌ناو ببرێت.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كاتێك نه‌وشیروان مسته‌فا له دوای هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی یه‌كێتی سه‌رنه‌كه‌وت، دانیشت، ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده‌كانی ئه‌و كاته‌ی یه‌كێتی له ده‌وری كۆبوونه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت مام جه‌لال سه‌ردانی كردوون و به مام جه‌لالیان وتووه: ئێوه ده‌ست به چاكسازی بكه‌ن و ئێمه‌ش پشتیوانتانین.
گوتیشی: ئه‌و جووڵه‌یه‌ی سه‌ره‌تای نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ ئه‌وه بوو، ئێمه شتێكی نوێ له ناو یه‌كێتی درووست بكه‌ین، نه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و ده‌مانویست هه‌ر له ژێر چه‌تری یه‌كێتیدا بێت.
كابینه‌ی نۆیه‌م
له باره‌ی كار و پڕۆژه و سیاسه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، سالار عه‌زیز گوتی: كابینه‌ی نۆیه‌م به‌راورد به رابردوو باشتر و جدیتره و ده‌بێت ئه‌م كابینه‌یه قۆناغی حزبایه‌تی له هه‌رێمی كوردستان تێپه‌ڕێنێت و شه‌فافیه‌ت به‌رقه‌رار بكات و نابێت سه‌ره‌ڕای زۆری گرفته‌كانی به‌رده‌می، بێده‌نگ بێت. نابێت به شه‌رمه‌وه قسه بكات و ده‌بێت وه‌ك چۆن گرفته‌كان ده‌ستنیشان ده‌كات، چاره‌سه‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش بخاته‌ڕوو.