فه‌ره‌نسا رێوشوێنه ئه‌منییه‌كانی توندتر ده‌كات
به‌ریتانیا و ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به هێڕشكردنه سه‌ر یۆرۆ 2106 هۆشداری ده‌ده‌ن
K24 – هه‌ولێر
له سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكردنی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا ـ یۆرۆ 2016 له پاریس، رێوشوێنی توندی ئه‌منی چه‌ند به‌رامبه‌ر زیاتركراوه كه هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی هۆشدارییه‌كانی هێرشی تیرۆریستی.
ته‌نیا دوو رۆژ بۆ ده‌ستپێكردنی یۆرۆ 2016 ماوه، كه هێزه ئه‌منییه‌كانی فه‌ره‌نسا ئاماده‌كاریی ته‌واویان كردووه بۆ پاراستنی گیانی دوو ملیۆن لایه‌نگرانی تۆپی پێی كه له وڵاتانی تری ئه‌وروپاوه بۆ هاندانی تیمه‌كانیان و سه‌یركردنی جامه‌كه دێنه پاریس.
حكوومه‌تی فه‌ره‌نسا ئهپلیكهيشنێكی مۆبایل بڵاو كردۆته‌وه كه ده‌توانێ به‌هۆیه‌وه سه‌باره‌ت به‌هه‌ر جۆره هێرش و مه‌ترسییه‌ك هۆشداری بداته به‌شدارانی یۆرۆ 2016، ئه‌و كرده‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رۆژێك پاش ئه‌وه‌ی دێت كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا سه‌باره‌ت به ئامانجكردنی لایه‌نگرانی تۆپی پێ له ماوه‌ی مانگێكی به‌ڕێوه‌چوونی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا هۆشداری دابوو.
هه‌فته‌ی رابردوو، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هۆشدارییه‌كی هاوشێوه دابوو كه مه‌ترسی هێرشی تیرۆریستی بۆ سه‌ر یۆرۆ 2016 له ئارادایه.
به‌وته‌ی وه‌زیری ناوخۆی فه‌ره‌نسا، ئهپلیكهيشنهكه به‌هه‌ردوو زمانی ئینگلیزی و فه‌ره‌نساوی به خۆڕایی له‌به‌رده‌سته كه سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری هێڕش یان هه‌ر رووداوێكی تر هۆشداری ده‌داته لایه‌نگرانی تۆپی پێ.
فه‌ره‌نسا 90 هه‌زار پۆلیس و هێزی ئه‌منی بۆ پاراستنی یۆرۆ 2016 بڵاوه پێكردووه كه 13 هه‌زار پاسه‌وانی شهحسیش له‌ناو دایه. به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس پاریس رایگه‌یاند سێ هه‌زار پۆلیسی تر به 10 هه‌زار پۆلیسی ته‌رخانكراو زیاد ده‌كرێن.
به‌ڕێوه‌چوونی یۆرۆ 2016 له پاریس له‌كاتێك داوه كه هێشتا فه‌ره‌نسا له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌منی هێره‌شه‌كانی مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2015 دایه، كه به‌هۆیه‌وه 130 كه‌س كوژرابوون.