بەرپرسێكی ئێران داوای دامەزراندنی سوپای پاسدارانی عێراق دەکات
"ئێران ئامادەیە هەموو ئەزموونەکانی خۆی بۆ دامەزراندنی سوپاکە بۆ عێراق بگوازێتەوە"
K24 - ھەولێر
فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوا دەکات بە یارمەتی ئێران سوپای پاسدارانی عێراق دابمەزرێت.
موحسن رەفیقدوست، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران لە گفتوگۆ لەگەڵ باشگای پەیامنێرانی لاوی سەر بە تەلەفزیۆنی ئێران گوتی: "ئەگەر سوپای پاسدارانی عێراق دابمەزرێت، ئێمە ئامادەین بە هەموو توانامانەوە یارمەتی دامەزراندنی بدەین".
رەفیقدوست گوتیشی: "ئەگەر عێراق بیەوێ ئەم سوپایە دابمەزرێنێت، ئێران ئامادەیە هەموو ئەزموونەکانی خۆی بۆ دامەزراندنی سوپاکە بۆ عێراق بگوازێتەوە".
ئەم فەرماندەیەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەشی کرد: "ئەمە نموونەیەکی زۆر باشە و سەرکەوتووە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تاقیکراوەتەوە و دەکرێ بۆ وڵاتانی ناوچەکە ببێتە نموونە".
سوپای پاسداران هێزێکی سەربازی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە دوای رووخانی حکوومەتی شا لەو وڵاتە دامەزراوە و لقێکی بە ناوی سوپای قودس لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەشداری لە شەڕی چەند وڵاتێكی ناوچەكە دەكات، كە ئەوان وەك ھاوكاری لە قەڵەمیدەدەن و ھەندێك لە وڵاتانیش بە دەستتێوەردان لە كاروباری وڵاتان ئێران تۆمەرتبار دەكەن.