پزیشكانی رووس فریای كچه ئه‌مه‌ریكییه‌كه كه‌وتن
به وێنه.. نیشانه ره‌شه‌كه‌ی ده‌موچاویان لابرد، كه هاوشێوه‌ی "ماسكه‌كه‌ی باتمان"ـه

K24 - هه‌ولێر:
پزیشكانی رووس توانیان نیشانه ره‌شه‌كه‌ی سه‌ر ده‌موچاوی منداڵێكی 2 ساڵه به ته‌واوه‌تی لاببه‌ن، كه هاوشێوه‌ی "ماسكه‌كه‌ی باتمان"ـه، به نه‌شته‌رگه‌ری ته‌واوی ئه‌و پێسته ره‌شه‌یان لابردووه، دایكه‌كه‌ی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا به‌رده‌وام سه‌ردانی رووسیای كردووه، تا چاره‌سه‌ر بۆ كچه‌كه‌ی وه‌ربگرێت، كه له ئه‌مه‌ریكا ئه‌و جۆره چاره‌سه‌رییه نییه.
رۆژنامه‌ی "زه سه‌ن"ی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه، كچێكی دوو ساڵه به ناوی "لونا تاڤاریس- ڤینه‌ر"، خه‌ڵكی فلۆریدایه، ئێستا به ته‌واوه‌تی چاكبووه‌ته‌وه و ئه‌و نیشانه‌ی ره‌شه‌ی ده‌موچاوی دیارنه‌ما، كه له رووسیا چاره‌سه‌ری وه‌رگرتووه، دایكه‌كه‌شی ده‌ڵێت ئه‌و جۆره چاره‌سه‌ركردنه له ئه‌مه‌ریكا نییه.
لونا هه‌ر له‌دایكبوونیه‌وه هه‌مووانی تووشی سه‌رسوڕمان كرد، كاتێك بینیان نیوه‌ی ده‌موچاوی به ره‌نگی ره‌ش داپۆشراوه، نیشانه ره‌شه‌كه‌ی ده‌موچاوی نێوچه‌وان و ده‌وروبه‌ری چاوی و لووت و هه‌ردوو روومه‌تیشی گرتووبووهوه، له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دایكی سه‌ردانی رووسیا كردووه و له‌وێ چاره‌سه‌ری وه‌رگرتووه، كه به چاره‌سه‌ری تیشكی، نیشانه‌كه‌ی بۆ لابراوه.
View this post on Instagram
كارۆلین ڤینه‌ر (ته‌مه‌ن 37 ساڵ)، لونا-ی كچی، كه ئێستا ته‌مه‌نی 2 ساڵ و 8 مانگه، له فلۆریداوه ده‌باته شاری "كراسنودار"ی رووسیا، به‌و هیوای بتوانێت روخسارێكی ئاسایی بۆ كچه‌كه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه، كه له سه‌ره‌تای له‌دایكبوونیه‌وه له حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌ن ده‌موچاوی شێواوه.
ئه‌و منداڵه تا ئێستا 12 نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كراوه، تاوه‌كو ماسكه‌كه‌ی باتمان له‌سه‌ر رووخساری نه‌مێنێت، له رێگه‌ی تهكنێكی نوێوه، خانه‌كانی ئه‌و نیشانه ره‌شه‌یه له‌ناوده‌برێت، كه پێستێكی نوێ و ته‌ندروست له جێی پێسته‌كه‌ی پێشوو درووست ده‌بێته‌وه.
View this post on Instagram
دكتۆر بافێل بوبۆڤ، بۆ ماڵپه‌ڕی "East2West News" رایگه‌یاند، ئێستا لونا ده‌ستی به‌قسه‌كردن كردووه و ده‌ڵێت: "نیشانه رهشهكانم ونبوون، ئێستا من شازاده‌م". ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ی به ته‌واوه‌تی سه‌ركه‌وتوو بووه، ته‌نیا نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری ماوه، ئه‌ویش دواده‌خه‌ین، تا لونا پشوویه‌ك وه‌ربگرێت.
كارۆلین-ی دایكی لونا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، بڕیارێكی قورسم دا، كاتێك كچكه‌م بۆ چاره‌سه‌ری برده رووسیا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر كه‌س ئه‌و هه‌وڵه‌ی منیان به كارێكی شێتانه ناوده‌برد، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م 69 هه‌زار و 700 دۆلارم بۆ چاره‌سه‌ری كچه‌مان كۆكرده‌وه، له رووسیا كه‌سێكی خۆبه‌خش به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكات، هاوكاری كردووم.