دوو زلهێزه‌كه‌ی جیهان هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێز له یه‌كدی ده‌كه‌ن
ئاگری شه‌ڕ هه‌ڵبگیرسێت دامركانه‌وه‌ی بۆ نییه
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ردوو جه‌مسه‌ره زلهێزه‌كه‌ی جیهان، كه ئه‌مه‌ریكا و چینن، له‌سه‌ر تایوان هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێز له یه‌كدی ده‌كه‌ن و تا دێت هه‌ڕه‌شه‌كانیش توندتر ده‌بن، به گوێره‌ی راپۆرته‌كانیش ئاگری شه‌ڕی نیوانیان هه‌ڵبگیرسێت، دامركانه‌وه‌ی بۆ نییه.
رۆژنامه‌ی "گڵۆباڵ تایمز"ی زمانحاڵی حزبی شیوعی ده‌سه‌ڵاتدار، راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات بیجینگ (په‌كین)، ئاماده‌یه هێرشبكاته سه‌ر هه‌ر هێزێكی ئه‌مه‌ریكی له ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له ناوچه‌كه.
هه‌ڕه‌شه نوێیه‌كه‌ی چین دوای ئه‌وه هات، كه جه‌یك سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا، رایگه‌یاند، واشنتن به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه به داگیركردنی تایوان نادات له‌لایه‌ن چینه‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه رۆژنامه چینییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئه‌و جۆره هه‌ڕه‌شانه راستگۆیانه نین، چونكه ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت تێچووی به‌رگریكردن له تایوان له ئه‌ستۆ بگرێت و رۆژنامه‌كه به جه‌یك سولیڤان ده‌ڵێت: "باشتره ده‌مه گه‌وره‌كه‌ی دابخات و نه‌بێته هۆی شه‌رمه‌زاری زیاتر بۆ وڵاته‌كه‌ی".
وه‌ك دووپاتكردنه‌وه‌یه‌ك له جددی بوونی هه‌ڕه‌شه‌كانی، رۆژی هه‌ینی چین 13 فڕۆكه‌ی جه‌نگی ره‌وانه‌ی ئاسمانی تایوان كردووه، كه 8 فڕۆكه‌ی جه‌نگی، دوو بۆمبهاوێژی ئه‌تۆمی، 2 فڕۆكه‌ی سیخوڕی و فڕۆكه‌یه‌كی دژه ژێرده‌ریاییه‌كانه.
لای خۆیه‌وه، حكومه‌تی تایوان بڵاویكرده‌وه، هاتنی ئه‌و 13 فڕۆكه چینییه بۆ ئاسمانی تایوان، ماوه‌یه‌كی كه‌می خایاندووه و دواتر سنووره‌كه‌یان جێهێشتووه.
پێشتر كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه سوپای چین ئاماده‌كاری بۆ داگیركردنی تایوان ده‌كات، دواتر واشنتن له رێگه‌ی راوێژكاری نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا، په‌یامێكی ئاراسته‌ی چین كردووه، به‌ڵام چین گوێی به هه‌ڕه‌شه‌كان نه‌داوه و 13 فڕۆكه‌ی ره‌وانه‌ی ئاسمانی تایوان كرد.
تایوان، دوورگه‌یه‌كه ده‌كه‌وێته باشووری رۆژهه‌ڵاتی چین، شاری تایپی پایته‌خته و ژماره‌ی دانیشتووانی وڵاته‌كه‌ش نزیكه‌ی 24 ملیۆن كه‌سه، خاوه‌ن ئاڵای خۆیه‌تی، ئه‌گه‌رچی وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، به‌ڵام چین پێیوایه هێشتا به‌شێكه له وڵاته‌كه‌ی. ته‌نیا 14 وڵاتیش تایوانیان وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ ناساندووه.
ئه‌مه‌ریكاش دوای شه‌ڕی ناوخۆی چین بۆ ماوه‌ی 30 ساڵ تایوانی وه‌ك وڵات ناساند، به‌ڵام له ساڵی 1979ـه‌وه بڕیاره‌كه‌ی گۆڕیووه، ئه‌گه‌رچی مامه‌ڵه‌كانی له‌گه‌ڵی نه‌گۆڕیووه و هێشتا پابه‌نده به پارێزگاریكردن لێی.