هه‌سه‌ده كاروانێكی دیكه‌ی زیندانیكراوانی داعشی راده‌ستی سوپای عێراق كرده‌وه
هه‌سه‌ده: 100 تیرۆریستی گرتووخانه‌كانی داعش راده‌ستی حكومه‌تی فێدراڵی عێراق كرانه‌وه

K24 - هه‌ولێر:
ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌مڕۆ شه‌ممه (11ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2021) ئاشكرای كرد، "هێزه‌كانمان 100 تیرۆریست له گیراوه‌كانی داعش، كه هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقین و له گرتووخانه‌كانی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌ستگیركراون، راده‌ستی حكومه‌تی فێدراڵی عێراق كرانه‌وه".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی هه‌سه‌ده‌دا هاتووه، راده‌ستكردنه‌كه، به پێی ئه‌و پلانه بووه، كه پێشتر له نێوان هه‌سه‌ده و لایه‌نی عێراقی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعشیان راده‌ست بكرێته‌وه، كه له دادگاكانیان داواكراون.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌كه له ده‌روازه‌یه‌كی فه‌رمی نێوان سووریا و عێراق ئه‌نجام دراوه، به‌ر له‌وه‌ش گواستنه‌وه‌یان به سه‌لامه‌تی بۆ ئه‌و سنووره ده‌سته‌به‌ر كرابوو، تا ده‌گه‌نه سنووری عێراق و له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه وه‌رده‌گیرێنه‌وه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، هه‌سه‌ده له ساڵی رابردووه‌وه تا ئێستا چه‌ندین كاروانی زیندانییانی داعشی راده‌ستی حكومه‌تی عێراقی كردووه‌ته‌وه، كه هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقین و له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌ده‌سه له گرتووخانه‌كانی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا زیندانی كرابوون.